Abdullah Shukur
08 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "بیرۆکەی ھەڕەشەی ئاسایش بە شێوەیەکی جددی لە گۆڕانکاری دایە. لەم قۆناغەدا پێویستە ناتۆ زیاتر چالاک بێت و بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە بەھێزتر بێت. بۆ بەردەوامی سەقامگیری جیھانی و ھاوسەنگی ھێز، پێویستە ھاریکاری و ھاوپەیمانی بەردەوام بێت. چاوەڕێی ئەوەین کە ناتۆ ھەوڵی زیاتر بدات بەرامبەر ئەو پێشھاتانەی کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئاسایشی تورکیا ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش سەردانییەکی بۆ شاری وارشۆڤای وڵاتی پۆلۆنیا بەمەبەستی لوتکەی سەرۆکی حکوومەتەکان و وڵاتانی ناتۆ لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
ئەردۆغان رایگەیاند کە لوتکەی ناتۆ لەکاتێکی ھەستیار بەرامبەر پێشھاتەکانی ناوچەیی و جیھانی ئەنجام دەدرێت. گوتیشی: " ھەروەکو دەبینین ئەو رووداوە تیرۆریستیانەی کە ھەفتەی رابڕدوو لە ئیستانبوڵ و پاشانیش لە عێراق و سعوودییە ئەنجامدرا، ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بێ ھێزی دایە. ئەم دۆخە تەنھا کاریگەری لەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و چەند وڵاتێکی دیکەدا نییە. بە پێچەوانەوە کاریگەری لەسەر گشت ناوچەکان ھەیە و کێشەیەکی جیھانییە. رووداوە تیرۆریستییەکانی نێو فەڕەنسا، بەلجیکا، تونس، ئەمریکا، میسر و شانشینی یەکگرتوو نیشاندەری ئەوەیە کە ھیچ وڵاتێک لە دەرەوەی ئەم قۆناغەدا نییە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "بیرۆکەی ھەڕەشەی ئاسایش بە شێوەیەکی جددی لە گۆڕانکاری دایە. لەم قۆناغەدا پێویستە ناتۆ زیاتر چالاک بێت و بەرامبەر ئەم ھەڕەشانە بەھێزتر بێت. بۆ بەردەوامی سەقامگیری جیھانی و ھاوسەنگی ھێز، پێویستە ھاریکاری و ھاوپەیمانی بەردەوام بێت. چاوەڕێی ئەوەین کە ناتۆ ھەوڵی زیاتر بدات بەرامبەر ئەو پێشھاتانەی کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ئاسایشی تورکیا ھەیە، ھاوکات ئەم بابەتانە لە لوتکەی ناتۆ باسی لێوە دەکەین".