Ali Kemal Akan
09 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی گەڕانەوەی لەو گەشتەکەی کە بۆ وڵاتانی بەڵقان (بۆسنیا و ههرزهگۆڤینا، سربیا و کرواتیا) ئەنجامی دابوو، لەناو فڕۆکە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و هەڵسەنگاندی بۆ چەند پرسێک کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی گەشتەکەی کرد کە رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستی پێ کردبوو و رایگەیاند لە کاتێکی گرنگدا سەردانێکی زۆر گرنگی ئەنجام داوە و لەمیانی گەشتەکەیدا دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کارنامەی سەرەکی بوو.
سەرکۆمار ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە لە چوارچێوەی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پرسە دوو قۆڵییەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا ئاڵوگۆڕی بیروڕای یەکتریان کردووە، گوتی: "لە هەموو پەیوەندییەکانمدا جەختم لە پشتیوانیکردنمان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کردەوە. رامگەیاند کە لەمەودواش وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە. لەو باوەڕەدام کە ئێمە رێگایەکی دوورمان بڕیوە لە تێپەڕاندنی کێشەکانی ئێستا. بەشدارییم لە کۆڕبەندەکانی بازرگانی کرد کە لە هەر سێ وڵاتەکەدا بەڕێوەچوو، هەروەها بەبۆنەی سەردانەکانمەوە، بە گشتی ١١ رێککەوتنمان لە بوارە جیاوازەکاندا لەگەڵ هەر سێ وڵات واژۆ کرد، بەم شێوەیە ژێرخانی یاسایی پەیوەندییەکانمان زیاتر بەهێزتر کرد".
- پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ سربیا
سهرۆكۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئهردۆغان رایگهیاند كه پهیوهندییهكانی وڵاتەکەی لهگهڵ سربیا كه دووهم وێستگەی سهردانهكهی بوو، رۆژ له دوای رۆژ بەرەوپێش دەچێت.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە شانازی بە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی وڵاتەکەی دەکات کە بەشدارن لە بووژاندنەوەی ئابووری و دامەزراندن لە سربیا، گوتی: "ئێمە ئیرادەی خۆمان دەربڕیوە بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانییمان بۆ پێنج ملیار دۆلار کە لە ئیستادا دوو ملیار دۆلارە".
- "بە خۆشحاڵییەوە تێبینیم کرد کە ئیرادەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ کرواتیادا هەیە"
سهرۆكۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئهردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی بۆ کرواتیاش زۆر سەرکەوتوو بووە، گوتی: "بە بەشداریی شاندەکانمان لەگەڵ سەرۆکۆمار میلانۆڤیچ و سەرۆکوەزیران پلێنکۆڤیچ کۆبوونەوەی دوو قۆڵیمان ئەنجام دا. بە خۆشحاڵییەوە تێبینیم کرد کە ئیرادەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ کرواتیا هەیە. قەبارەی بازرگانی لە ماوەی هەشت مانگدا گەیشتووەتە ٧٦٠ ملیۆن دۆلار. ئامانجی نوێمان دانا. قەبارەی بازرگانیمان سەرەتا بۆ دوو ملیار دۆلار، پاشان بۆ پێنج ملیار دۆلار زیاد دەکەین".
لە وەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنووسان کاتێک پرسیاری ئەوەی کرد 'ئایا مەبەستتان لە "رەنگە شەوێک لەناکاو بێین" بەکارهێنان و جوڵاندنی هێزی سەربازییە یان گرتنەبەری رێوشوێنی جیاوازە؟" ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێت زۆر روونە و گوتی: "لە لایەکەوە پێشێلکاری هەیە کە لە دەریای ئیجەدا ئەنجامیان داوە و لەلایەکی دیکەوە هەراسانکردن هەیە دژی فڕۆکەکانمان کە لە ئەرکەکانی ناتۆدان. جگە لەمەش ئەوان بەردەوامن لە پڕچەککردنی دوورگەکان کە لە تورکیاوە نزیکن. لەهەمان کاتدا، لەوێ بێگومان پرسی دامەزراندنی بنکە هەیە. وەک دەزانن ئەمریکا لە پشت ئەم کارەوەیە. ئەگەر دەرفەتمان هەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببینەوە باس لەو هەنگاوانە دەکەین کە ئەمریکا لەم خاڵەدا گرتوویەتییەبەر".
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: " ئەوان (یۆنان) لەبری ئەوەی راستەوخۆ قسە لەگەڵ تورکیا بکەن، میکانیزمی هەڕەشە بەکاردەهێنن. بەردەوام نارەزایەتی بەرامبەر بە ئێمە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تەنانەت لە ناتۆ کە ئێمە یەکێکین لە بەهێزترین ئەندامەکانی، دەردەبڕن. بێگومان ئەمە قبوڵکراو نییە. ئێمە بەو زمانە گفتوگۆ دەکەین کە یۆنان لێی تێدەگات”.
سهرۆكۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئهردۆغان سهبارهت به ئهگهری ئەنجامدانی ئۆپهراسیۆن لە سووریا جهختی كردهوه كه چەندین رێكخراوی تیرۆریستی له سووریا ههن و رایگهیاند کە رێگە نادهن (ئەو رێکخراو تیرۆریستییانە) ههڕهشه بۆسهر ئاسایشی نهتهوهیی توركیا دروست بكهن و کاری پێویست بەم ئاراستەیە لەو بوارەدا ئەنجام دەدەن.
گوتیشی: "خەباتمان لەدژی رێكخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەكان، لە راستیدا زامنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریایە، بەڵام رژێمی ئەسەد بەرامبەر بەم خەباتانە هەڵوێستی نەنواندووە، زمانێک هەیە کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لێی تێدەگەن. پێویستە لەگەڵ ئەمانەشدا بەو زمانە قسە بکەین".
- رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵە
سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی ئەو کەشتییانەی کە دانەوێڵە دەگوازنەوە گوتی: "سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گوتی کەشتییەکان بەرەو وڵاتانی پێشکەوتوو دەڕۆن وەک لەوەی بۆ وڵاتانی هەژار برۆن. لە سەمەرقەند داوا لە پوتین دەکەین بەرهەمی رووسیاش لە رێگەی ئەم رێڕەوەوە بنێردرێت".
گوتیشی: "لە راستیدا پێموایە ئەو هەڵوێستەی پوتین دروستە. نابێت کەشتییەکان تەنیا بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو بنێردرێن. چونکە دەبێت یارمەتی وڵاتە هەژارەکان بدرێت. دەبێت ئەوانیش پشکی خۆیان وەربگرن. رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت کە بەڕێز پوتین نایەوێت بەرهەمی رووسیا بنێرێت. بێگومان لە سەمەرقەند داوا لە پوتین دەکەین بەرهەمی رووسیاش لە رێگەی ئەم رێڕەوەوە بنێردرێت. ئەگەر دەست بە ناردنی دانەوێڵەی رووسیاش بکرێت، تا بگات بە وڵاتانی هەژاری ئەفریقا، هەمووی (بەرهەمە دانەوێڵەییەکان) دەخەینە سیستەمێکی دیاریکراوەوە و بۆ ئەوێی دەنێرین. ئێمە بە ئاشکرا لەگەڵ ئەواندا باسی ئەم بابەتە دەکەین. چونکە بە تایبەت لە ئەفریقا زۆر وڵات هەن کە لە دۆخێکی سەختدان".
- قەیرانی وزە لە ئەورووپا
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە بوونی قەیرانی وزە لە ئەورووپا دا و گوتی: "سوپاس بۆ خودا ئێمە کێشەیەکی وامان نییە. رووسیا هیچ سزایەکمان بەسەردا ناسەپێنێت. لەبارەی نرخی (گازی سرووشتی) کۆبوونەوەم کردبوو. ئەگەر هەڵوێستی پوتین-یش ئەرێنی بێت، شتێکی باش دەبێت. خەمی ئێمە ئەوەیە کە (گازی سرووشتی) بە شێوەیەکی گونجاوتر بدەین بە هاووڵاتییانمان. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی ۲۰۲۳دا خۆمان گازی سرووشتی وڵاتەکەمان، دەربهێنین، ئەوکات زۆر بەهەرزانتر گاز دەگاتە ماڵی هاووڵاتییانمان".
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەڵوێستی ئەورووپا بەرامبەر بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەگۆڕێت بەهۆی ئەو قەیرانەی کە لەم زستانەدا تووشی دەبێت، ئەردۆغان گوتی: "رەنگە قورس بێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەین پێش ئەوەی ئەم زستانە بەڕێ بکەین. چونکە ئەم زستانە بۆ ئەورووپا ئاسان نابێت. زۆر سەخت دەبێت".