Heman Hussein Yaseen
18 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەلایەن پاپای ڤاتیکان، قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەھەم پێشوازیی لێکرا و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکھاتەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان و پێکەوە داھاتووی وڵات دادەڕێژن.

ئەوەشخراوتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی ھەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژووییی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیھاندا دەربڕی، ھەروەھا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویییەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگھێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەھەم کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد. ھەروەھا ڕۆڵی ھەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، بەرز نرخاند.
ئەوەش ھاتووە کە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێکرا و ھەردوولا ھیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.