Yasemin Kalyoncuoğlu
11 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە- AA
مانگی رابردوو وەک سێیەم گەرمترین مانگی ئاب لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠-٢٠٢٢ تۆمارکراوە. تورکیا تەنیا لەماوهی ١٦ ساڵی رابردوودا سێ گەرمترین مانگی ئابی بهڕێكردووه.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی کۆی کردووەتەوە، لەکاتێکدا ساڵانێکی زۆربوو (١٩٩١-٢٠٢٠) تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئابدا بە ٢٥،١ پلە تۆمارکرابوو، تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بۆ ٢٦،٤ پلە بەرز بووەتەوە.
بە گوێرەی داتاکان، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٠دا تێکڕای پلەکانی گەرما لەمانگی ئابدا ٢٧،٢ و لە ساڵی ٢٠٠٦دا ٢٦،٨ پلە بووە، بەڵام مانگی ئابی ئەمساڵ، بە ٢٦،٤ پلە سێیەم گەرمترین مانگی ئاب بووە لە ٥٢ ساڵی رابردوودا.
لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەرزترین پلەکانی گەرما لە تورکیا (کە ٤٧،٤ پلە بوو) لە قەزای جیزره سەربە پارێزگای شرنەخ تۆمارکراوە.
- تێکڕای پلەکانی گەرما بەپێی ناوچەکان
لە کاتێکدا تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئابدا لە ناوچەی ماڕماڕا بۆ چەندین ساڵ ٢٤،٦ پلە بووە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە ٢٥،٧ پلە پێوانە کراوە. بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەکەدا لە کۆجائەلی تۆمارکراوە کە ٣٨،٤ پلە بووە.
تێکڕای پلەی گەرما لە ئابی ئەمساڵدا لە ناوچەی ئیجە بە ٢٦،٩ پلە بووە. بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەکە لە موغڵا تۆمارکراوە کە ٤١،٦ پلە بووە.
لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست تێکڕای پلەکانی گەرما لە ئابی ئەمساڵدا ٢٧،٧ پلە بووە. بەرزترین پلەی گەرما لە ئانتاڵیا بە ٤٢،٣ پلە پێوانە کراوە.
ھەروەھا تێکڕای پلەکانی گەرما لە ئابی ئەمساڵدا لە ناوچەی ئانادۆڵوی ناوەڕاست ٢٤،٨ پلە بووە. بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەکە لە چانکری تۆمارکراوە کە ٣٨،٦ پلە بووە.
- بەرزترین پلەکانی گەرما لە مانگی ئابدا لە شرنەخ تۆمارکراوە کە ٤٧،٤ پلە بووە
تێکڕای پلەکانی گەرما لە ناوچەی دەریای رەش لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ئاستی ئاسایی خۆی تێپەڕاندووە. بەرزترین پلەی گەرما لە ئارتڤین تۆمارکراوە کە ٣٩،٩ پلە بووە.
بەھەمان شێوە لە رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئابدا ئاستی ئاسایی خۆی تێپەڕاندووە. بەرزترین پلەی گەرما لە ئەلعەزیز تۆمارکراوە کە ٤٠،٩ پلە بووە.
ھەروەھا تێکڕای پلەکانی گەرما لە ناوچەی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو کە وشکەساڵی تێدا بەدیدەکرێت، ئاستی ئاسایی خۆی تێپەڕاندووە. لەکاتێکدا تێکڕای پلەکانی گەرمای ناوچەکە لە مانگی ئابدا بۆ چەندین ساڵ ٣٠،٨ پلە بووە، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بۆ ٣١،٣ پلەی بەرزبووەتەوە. بەرزترین پلەکانی گەرما لە ناوچەکە لە مانگی ئابدا لە شرنەخ تۆمارکراوە کە ٤٧،٤ پلە بووە.