Sangar Hamad Azeez
24 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ موختارەکان کۆبووەوە.
لە میانەی گوتارێکیدا ئەردۆغان جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کوردەکان لە دێرزەمانەوە شان بەشانەی نەتەوەکانی دیکە بە خوێن و گیانیان بەرگریان لە کۆماری تورکیا کردووە و گوتی: "رێکخراوە تیرۆرستییەکان نوێنەرایەتی کورد ناکەن، بەپێچەوانەوە ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە بوونەتە بەڵایەک بەسەر کورد، پەلاماری دڕندانە بۆسەر کورد ئەنجام دەدەن. ئەو رێکخراوانە، بە لێدانی چاڵ و داخستنی رێگا و بومبڕێژکردنی ناوچەکە زیانێکی زۆریان بە برا کوردەکانمان گەیاندووە. باشە ئەوانەی کە چاڵیان لەبەر دەرگا لێ دەدرێت و شەقامەکانیان لێ دەگیرێت و ناچار دەکرێن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت برا کوردەکانمان نین؟ ئایا چاڵەکان لەبەر دەرگای ماڵە کوردەکان لێ نەدراوە؟ لە نێوان خانووەکان تونێل لێ دەدەن و هەڕەشە لە برا کوردەکانمان ناکەن؟ ئەدی ئەوە تیرۆریستان نین دەست بۆ نامووس و برا کوردەکانمان درێژ دەکەن؟ ئەوان بە زۆر هەڕەشە لە گەنجەکان دەکەن و دەیانبەن بۆ شاخەکان".
ئەردۆغان ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کۆبانێ، تورکیا بەبێ هیچ دوودڵییەک دوو سەد هەزار هاووڵاتی کوردی لەخۆ گرت و لە درێژەدا گوتی: "دەمانتوانی وەریان نەگرین بەڵام وامان نەکرد. ئێمە خۆمان بە خاوەنیان زانی، نانمان پێ دان، ئاومان پێ دان، ئەوانمان پاراست. تاکو ئێستا بەشێکی زۆر لە برا کوردەکانی کۆبانێ لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا درێژە بەژیان دەدەن. لە هەرکوێیەکی جیهان بێت، لە هەر وڵاتێک بێت ئێمە کوردەکان بە برای خۆمان دەزانین. وەک ئەو برایانەی خۆمان سەیریان دەکەین کە لە هەمان خاک لە دایک بووین. لە قووڵایی دڵمانەوە برا کوردەکانمان وەردەگرین. یەکێک دەچێت چ دەکات، بەشداریی لە مەراسیمی سەرەخۆشی ئەو خۆکوژە دەکات کە لە ئەنقەرە ٢٨ کەسی شەهید کرد. پەرلەمانتار بەو شێوەیە نابێت، سیاسەتمەدار بەو شێوەیە نابێت. لە هیچ شوێنێکی جیهان سیاسەتمەدار نەبووە کە هاووڵاتیانی سڤیل بکاتە قوربانی".
سەرکۆماری تورکیا جەختی کردەوە لەوەی کە ئەو کەسانە پێشتر دەیانگوت تورکیا رەوشێکی دیموکراسیمان بۆ فەراهەم ناکات، گوتی: "ئەوە هاتنەوە نێو پەرلەمان، باشە لەو کاتەوەی هاتوونەتە نێو پەرلەمان هیچ وەستاون؟ توانیتان ٨٠ پەرلەمانتار بەدەست بهێنن ئایا وەستان؟ لە کاتی بەدەستهێنانی ٨٠ پەرلەمانتاریش پاڵپشتی تیرۆر دەکەن، دیسانەوە داواتان لە برا کودەکانمان دەکرد بێنە سەر شەقام. ئیدی پێویستە بۆ ئەو کارانە رێچکەیەکی راست بگیرێتەبەر، پارتێک کە جگە لەوەی وەک گوتەبێژی رێکخراوێکی تیرۆرستی کار دەکات، هیچ چالاکییەکی لە پەرلەمان ئەنجام نەداوە، نە پەرلەمان نە میللەت ئیدی تەحەمولی ئەو پەرلەمانتارانە ناکەن. لە وڵاتی دیموکڕاسی، ئازادی رادەربڕین هەیە بەڵام بۆ کوشتنی مرۆڤەکان ئازادی گواستنەوەی چەک نییە. ئەو ئازادییە بریتییە لە یارمەتیدانی رێکخراوی تیرۆریستی، پەرلەمانتارێک کە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی چەک بۆ تیرۆریستان بگوازێتەوە، خۆی بکاتە قەڵغانی تیرۆریستان، ماڵی خۆی دابین بکات بۆ تیرۆریستان. لە پێشەوەی هەموو چالاکییەکی تیرۆرەوە بێت، ئەوە پەرلەمانتار نییە تیرۆریستەکە خودی خۆیەتی".
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند کە "لە رۆژانی داھاتوودا، پەرلەمان پێشگری خۆی دەگرێتە بەر لەبارەی ئەو بابەتەی کە پەیوەندی بە ھەستیاری گەلەوە ھەیە". ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: "ھیوادارام ئەو سکاڵانامانەی کە نێردراون بۆ پەرلەمان جێگەی خۆی بگرێتەوە و ئەوەی کە پێویست بێت بکرێت. ئیتر گەل تەحەمولی ئەمەی نەماوە. ئێوە دەزانن من دژی داخستنی پارتی سیاسیم، ھاوکات پێویستە سزای ئەو تاکە بدرێت کە تاوانی ئەنجام داوە، نەک دامەزراوە. پێویستە ئەو کەسانە باجی ئەو تاوانەیان بدەن".