Şafak Yel
17 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2021
ئیزمیر - AA
ئەو چەکدارەی کە هەڵیکوتایە سەر بارەگای لقی هەدەپە لە ئیزمیر و کەسێکی کوشت، دەستگیرکرا.
چەکدارێک هەڵیکوتایە سەر بارەگای لقی هەدەپە لە پارێزگای ئیزمیر کە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکە لە شەقامی شایر ئەشرەف و بە دەمانچە تەقەی بەناو بارەگاکەدا کرد و جامی پەنچەرەی بارەگاکەی شکاند و پاشان چووە سەربانی باڵەخانەکە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە لەو پەلامارەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە رووداوەکە، پارێزگای ئیزمیر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد ئۆ.گ کە پێشتر کارمەندی تەندروستیی بووە و دەستی لەکارکێشاوەتەوە، کاتژمێر ١١:٠٠ بە دەمانچە هەڵیکوتاوەتە سەر بارەگاکە و کارمەندێکی پارتەکەی بە ناوی د.پ کوشتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی هەدەپە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ماوەیەکی زۆرە پارتەکەیان دەکرێتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە هێرشی چەکداری کراوەتە سەر بارەگای لقی پارتەکەیان و کارمەندێکیان گیانی لەدەستداوە.