Mehmet Tosun
16 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2023
ئەنقەرە – AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی رایگەیاند: "گەڕی دووەم بۆ ئێمە ئاسانتر دەبێت، چونکە جیاوازی دەنگەکان زۆر بەڕوونی دیارە کە پێنج خاڵە و دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگ".
ئیبراهیم کاڵن لە میانی بەشداریکردن لە پەخشی راستەوخۆی "A Haber" لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کە لە ٢٨ی ئایار ئەنجام دەدرێت، گوتی: "گەلی تورک بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی باڵی بەسەر تورکیادا کێشاوە بەڕێژەی لەسەدا ٤٩،٥ دەنگیان بە سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان داوەتەوە. بەم جۆرە پشتیوانی بۆ دیدگای سەدەی تورکیا بەڕوونی دەرکەوت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە چاودێری ئەو لێدوانانە دەکات باس لەوە دەکەن کە داخۆ ئەو دەنگانەی بە بەربژێری هاوپەیمانیی "ئاتا"، سینان ئۆغان دراون لە گەڕی دووەمدا بۆ کێ دەچن، گوتی: "بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە داخۆ کۆی لەسەدا ٥،١٧ی دەنگەکان بۆ کێ دەچن، هەڵسەنگاندنێکی بەپەلە و بەهەڵەدا بەرە".
کاڵن بیری خستەوە کە ئۆغان ئاماژەی بەوە داوە "گفتوگۆ دەکات لەگەڵ هاوڕێکان و هاوپەیمانەکانی لەبارەی گەڕی دووەم"ەوە و گوتی: "ئەمە زۆر ئاساییە، ئەو گوتی 'کاری لەپێشینەمان مەودا دانانە لەگەڵ تیرۆر' کە لێکدانەوە بۆ ئەمە بکرێت دەردەکەوێت گەڕی دووەم بۆ ئێمە ئاسانترە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت لێی پاڵ بدەینەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە وەڵامی "ئایا پێتان وایە بۆ گەڕی دووەم سینان ئۆغان لە پێگەیەکی گرنگدا بێت؟"، گوتی: "کە سەیری پاشخانی سیاسیی بەڕێز سینان بکرێت دەردەکەوێت کە بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندی گەل و دەوڵەت لە هاوپەیمانیی "جومهور"ەوە نزیکە. لەگەڵ ئەودا یەکتر دەناسین".