Muhammet Ali Kemal
04 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە- AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن، رایگەیاند: ''لەبەرچاونەگرتنی کێشە هەنووکەیی و بنەڕەتییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا و پەلاماردانی تورکیا و ئەردۆغان، رەنگدانەوەی بەرتەسکبوونەوەی ئاسۆیە لە ئەورووپا''.
ئیبراهیم کاڵن لەرێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، هەڵسەنگاندنی بۆ رووبەڕووبوونەوە تەلەڤیزیۆنییەکەی نێوان راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و کاندیدی پارتەکە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، مارتن شۆڵتز، کرد.
کاڵن ئاماژەی بەوەکردووە باسکردنی تورکیا و ئەردۆغان لە میانی بەرنامەیەکی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا لەنێوان مێرکڵ و شۆڵتز، بەرێکەوت نییە و رایگەیاندووە ''لەبەرچاونەگرتنی کێشە هەنووکەیی و بنەڕەتییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا و پەلاماردانی تورکیا و ئەردۆغان، رەنگدانەوەی بەرتەسکبوونەوەی ئاسۆیە لە ئەورووپا''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاندووە: ''تەوژمی سەرەکی سیاسەتی ئەڵمانیا بەئاراستەی پۆپۆلیزم، پەراوێزخستن و بە دوژمنکردن هەنگاو دەنێت، ئەمەش تەنها جیاکاریی و نەژادپەرستی پەرەپێدەدات. ئایا ئەڵمانیا کە بەروونی باوەشی بۆ هەریەک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و فەتۆ کردووەتەوە، هەست بەوە ناکات کە نەک دیموکراسی بەڵکو داکۆکی لە تیرۆریستان و کودەتاچییان دەکات؟''.
ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوەکردووە گرنگ نییە چ پارتێکی سیاسیی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا دەباتەوە و رایگەیاندووە:'' لەبەر ئەوەی کە ئیتر ئەوە دەردەکەوێت کە چ عەقڵییەتێک سەردەکەوێت. ئەوەی کە مێرکڵ و شۆڵتز بەدرێژایی مشتومڕەکە هیچ ئاماژەیان بۆ جیاکاریی و ئەو نەژادپەرستییەی کە روو لە هەڵکشانە نەکردووە، ئەو خاڵە نیشاندەدات کە سیاسەتی ئەڵمانیا پێی گەیشتووە''.