Merve Yıldızalp Özmen
10 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "دیزاینی یەکەمین مانگی دەستکردی نیشتمانی بواری پەیوەندییەکان کۆتایی ھاتووە، کارەکانی ئەندازەیی درێژەیان ھەیە، پلانی ئەوەمان ھەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ رەوانەی بۆشایی ئاسمانی بکەین".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری کرد لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی نیشتمانی دەزگای پەیوەندی و زانیاری تەکنەلۆجیا بۆ دەستوەردان لە رووداوەکانی ھێرشی ئەلیکترۆنی و گوتاری پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی تەکنەلۆجیای 5G گوتی: "ھەتا بناغەی تەکنەلۆجیای 5G دانەنێین، ناتوانین بچینە قۆناغی 5G".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ئاسایشی سیستمی ئەلیکترۆنی وڵاتەکەمان و ئەو زانیارییانەی لێرەدا ھەڵگیراون بە ئەندازەی ئاسایشی سنوورەکانمان گرنگە".
ئەردۆغان باسی لە بانکی زانیاری کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کرد و گوتی: "پێویستە بانکی زانیاری کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت رێکبخەین. چاوەڕوانم دەزگا پەیوەندیدارەکانمان بەزوویی ئەم کارە بەکۆتا بھێنن".
ئەردۆغان لەبارەی دروستکردنی سیستمی پێشکەوتوو گوتی: "رێگای شکستھێنان بەو ھێرشانەی لەڕێی سیستمی زیرەکەوە ئەنجامدەدرێن، بریتییە لە دروستکردنی سیستمی پێشکەوتووتر".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان باسی لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی تورکیا کرد و گوتی: "وڵاتەکەمان لەڕووی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە دەکەین بە پێشەنگی جیھان".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ھەوڵدان بۆ وەستاندنی ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەڕێی بەکارھێنانی رێگا کۆنەکانەوە، وەک ئەوە وایە بە کاغەز فیشەک بوەستێنین".
لە کۆتادا سەرکۆماری تورکیا باسی لە دیزاینکردنی مانگی دەستکردی نیشتمانی کرد و گوتی: "دیزاینی یەکەمین مانگی دەستکردی نیشتمانی بواری پەیوەندییەکان کۆتایی ھاتووە، کارەکانی ئەندازەیی درێژەیان ھەیە، پلانی ئەوەمان ھەیە لەمساڵدا رەوانەی بۆشایی ئاسمانی بکەین".