Salih Bilici,Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، عەلی ئیحسان یاڤوز رایگەیاند کە، رێگای تانەی نائاسایی بەكاردەهێنن و داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن لە ئیستانبوڵ.
عەلی ئیحسان یاڤوز لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان لە ئیستانبوڵ، یاڤوز رایگەیاند: "ئەمڕۆ تانەی نائاسایی پەیوەست بە بویوکچەکمەجە پێشکەش دەکەین".
جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوان داواکارییەکی هاوشێوەی ئەوەی "٥١ سندوق بژمێردرێتەوە"یان نەبووە و رایگەیاند: "ژماردنەوەی ٥١ سندوق هیچ مانایەکی نییە. هیچ داواکارییەکمان پێشکەش نەکردووە بڵێین '٥١ سندوق بژمێرنەوە' ".
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، عەلی ئیحسان یاڤوز تیشکی خستەسەر ئەوەش کە رێگای تانەی نائاسایی بەكاردەهێنن و داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن لە ئیستانبوڵ.
یاڤوز رایگەیاند: "جگە لەوەش دڵنیابن کە لەودیوی تانەکانەوە لێکۆڵینەوەی زۆر دەردەکەون".