ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا بولەند ئارنچ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی سەبارەت بە دەنگۆی تێپەڕینی دووەم کاروانی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دایەوە.
ئارنچ گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تێپەربوونی کاروانی دووەمی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ راست نییە، ھەروەھا لەلایەن ئەوانەوە داواکارییەکی لەو شێوەیەش نەھاتووە، ئەوانە راست نین، ئامادەکارییەکیش نییە و تورکیاش ئاگادار نەکراوەتەوە، ئاگاداری ئەوەش نیم کە ئەو پرسە باس کرابێت و داوایەک لە تورکیاش کرابێت."
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە راگەیەنراوەکانی ئەندامانی پارتی ھەدەپە لەبارەی کلیلی ئاشتی کۆبانێوە گوتی: "ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانانی ھەدەپە بە تایبەتی سیری سورەییا ئۆندەر، پرێس کۆنفڕانسێک ساز دەکەن و ئەوان بەتایبەتی رەخنە لە من و سەرۆکوەزیران دەگرن."
ئارنچ ھەروەھا گوتی: "دەزانم ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانانی ھەدەپە لە ناخەوە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن، بەشێکی زۆریشیان پشتیوانی ناکەن و نازانن چی روودەدا، ئەوەش دەزانم کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری چەند لایەنێک بەو هۆیەی لەگەڵ ئەوان گفتوگۆمان ساز کردووە بەڵام لە ئامانجدا ھەدەپە پارتێکی سیاسییە، پەرلەمانتاری ھەیە، ھەموو کۆمەڵگا دەزانن کە پەرلەمانتارانیان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی دیدار دەکەن، لێرەدا شتێکی ناخۆش ھەیە ئەویش لێدوانەکانی ھەدەپەیە لەکاتی جیاواز جاری وایش ھەیە ھەڕەشە ئامێزە، ھیچ کاتێ بە بیرکردنەوە ھەنگاو نانێن، زۆر ھەڵەیان ھەیە، پێویستە لەبری ئەوەی رەخنە لە ئێمە بگرن بەسەرماندا ھاوار بکەن خۆتان چاک بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ھەڵەکانتان."