ئەنقەرە
رێوڕەسمی فێستیڤاڵەکە لە هۆڵی شانۆی مەرکەز پارک، بەئامادەبوونی هەریەک لە تورکان شۆرای، هولیا کۆچییت، فاتمە گریک و فلیز ئاکن کە بەچوار گەڵای گوڵە نەفەلی سینەمای تورکی ناسراون، دەستی پێ کرد.
زیهنی ئاڵدرماز، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئاداناله لێدوانێكیدا رایگەیاند، بایەخێکی زۆر بە سینەما دەدەین و پیرۆزبایی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە (ئاڵتن کۆزا) دەردەکەون.
ئاڵدرماز، بەڵێنی دا ساڵی داهاتوو لە ١٠٠ساڵەی سینەمادا فێستیڤاڵێکی شایستە بەو رۆژە ساز بدەن و گوتی "ئاڵتن کۆزا فێستیڤاڵێکە کە لەگەڵ خۆیدا کێبڕکێ دەکا. لە رێگای سینەمای گەڕۆکەوە لە ماوەی ٢ ساڵدا بە چوون بۆ ٩٠ شوێن لە دووری ١٥ هەزار کیلۆمەتر توانیمان خۆشەویستی و هونەری ئێوە بەهاونیشتمانیان بگەیەنین".
ئاڵدرماز ئاماژەی دا، لەم فێستیڤاڵەدا شەوێکی شاهانە لەگەڵ هەرچوار گەڵای گوڵە نەفەلی سینەمای تورکی بەسەر دەبەین. ئەم چوار ناوە زۆر بەدەگمەن لە یەک شوێندا دەبینرێن.
ئاڵدرماز گوتی "بۆ بەرز راگرتنی یادەوەری (هابابام سنفی) لە تەنیشت مۆزەخانەی سینەمای ئادانا مۆزەخانەیەکمان دروست کردووە. لەم فێستیڤاڵەدا ئەمساڵ ١٥ فیلم بۆ ٤٥٠ جار تەماشا دەکرێن.
مەسعود جەم ئەرکول بەڕێوەبەری گشتیی سینەما سەربە وەزارەتی کولتور و گەشتوگوزار گوتی، لە بایهخدان به سینەمای ٩٩ ساڵەی تورکی بەردەوام دەبین و پاڵپشتی وەزارەتەکەشمان بەردەوام دەبێ.
- گوڵە نەفەلە چوار گەڵاییەکە
هەریەک لە تورکان شۆرای، هولیا کۆچییت، فاتمە گریک و فلیز ئاکن کە بەچوار گەڵای گوڵە نەفەلی سینەمای تورکی ناسراون، یەک لە دوای یەک بانگهێشتی سەر سەکۆکە کران.
فاتمە گریک، لە قسەکانیدا وەبیری ئامادەبووانی هێنایەوە کاتێک بۆ یهکەمین جار رێوڕەسمی ئاڵتن کۆزا سازدرا، بەبەشداربوونی لە فیلمی (ئەزۆ گەلین) خەڵات کرابوو و ئاماژەی بهوهدا، وێڕای تێپەڕبوونی ئەو هەمووە ساڵە، هێشتا ئەو رۆژە خۆشانەی لە یاد نەچووە.
فلیز ئاکن، ئاماژەی دا، لە رابردوودا کاتێک فیلمیان تۆمار دەکرد، پەیوەندییەکی زۆرعاتفییان لەگەڵ بینەراندا هەبوو و گوتی "لەو رۆژەوە تا ئێستا هێشتا لێم بێزار نەبوون و چەپڵەم بۆ لێ دەدەن. زۆر سوپاستان دەکەم".
ئاکن باسی لەوە کرد سینەما هێزێکی گەورەیە و سوپاسی ئەو هەوادارانەی کرد کاتێک نەخۆش بووە ورەیان پێ داوە و بەتەنیا جێیان نەهێشتووە.
هولیا کۆچییت بە وتەی "بژی سینەمای تورکی" دەستی بەقسەکانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بە سازدانی بیستەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئاڵتن کۆزای نێودەوڵەتی و هەموو ئەو فیلمانەی لەم فێستیڤاڵەدا کێبڕکێ دەکەن دەربڕی.
تورکان شۆرای ئاماژەی دا، فێستیڤاڵەکە خزمەتێکی گەورە بەسینەمای تورکی دەکات و بەهۆیەوە فیلمەکان بوونەتە مایەی سەرنجی بینەر. وەبیریشی هێنایەوە لە رابردوودا لە شاری ئادانا و دەوروبەری زۆر ماوەتەوە و فیلمی تۆمار کردووە.
دوای تەواوبوونی قسەکان، ئاڵدرماز جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئادانا هەر یەکەو تابلۆیەکی بەدیاری دا بەو هونەرمەندانەی سڵاویان لە ئامادەبووان کرد.
رێوڕەسمەکە بەنمایشی یاری ئاگرین کۆتایی هات.