هەولێر
وەزیری بەرگری عێراق خالید عوبەیدی بەیاوەری شاندێكی وەزارەتەكەی گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن وەزیری پێشمەرگە مستەفا سید قادر و بەرپرسانی دیكەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو، شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیارە لەسەر دۆسیەی كێشەكانی پێشمەرگە و لەوانەش مووچە و هەماهەنگی زیاتر بۆ شەڕی دژ بە داعش و ئەكتیڤكردنی زیاتری ژووری هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوو لا، لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ دەكا.
سوپاسالاری عێراق بابەكری زێباری یاوەری شاندەكەی وەزارەتی بەرگری عێراق دەكات.
دوای دەست بەكاربوونی خالید عوبەیدی وەك وەزیری بەرگری عێراق ئەمە یەكەم سەردانی ئەو وەزیرە تازەیەی بەرگری عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان، پاش ئەوەی لەپێشوودا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بەهۆی كێشەكانی تایبەت بە پێشمەرگە و پێنەدانی بودجەی ئەو هێزە، كە تائێستا هەردوولا لەسەر ناسنامەكەی رێكنەكەتوون یەكلایی نەبۆتەوە.
حكومەتی عێراقی دانی نەناوە بەوەی كە هێزی پێشمەرگە بەشێك بێ لە سوپای عێراق و هەموو هاریكارییە سەربازییەكان كە وەك بەرپرسانی پێشمەرگە باسی لێوەدەكەن پێویستە لە 17%ی چەك و تەقەمەنییەكانی پێبدرێت، هاوكات حكومەتی عێراق پێوایە ئەو هێزە لە ژیر فەرماندەیی بەغدا نییە و ئامانجی ئەو هێزە لە بری عێراق پارێزگاریكردنە لە هەرێمی كوردستان.
وا بریارە وەزیری بەرگری عێراق جگە لە وەزیری پێشمەرگە سەردانی بەرپرسانی دیكەی باڵای هەرێمی كوردستان بكات.