Mazın Asad
23 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2017
شرناخ - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی کۆنگرەی ئاسایی لقی ئاک پارتی لە شرناخ، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند: "وەک تورکیا ھەرگیز یەکەم قیبلەمان قودس بۆ ویژدانی داگیرکاران و بکوژە دەست خوێناوییەکان بەجێ ناھێڵین. ھەرگیز رازی نابین بە کارێکی لەناکاو پێگەی مێژوویی قودس بگۆڕن".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژە بڕیاری قودس لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "سوپاس بۆ خوا ھەڕەشەکانی ئیدارەی ئیسرائیل و ئەمریکا پێش دەنگدانەکە، ھیچ سوودێکی نەبوو. دۆلار و ھەڕەشەکانی ھیچ سوودێکی نەبوو. ئەوانەی وایان دەزانی بە فشاری ئابووری، سەربازیی و میدیاوە ترس دروست دەکەن، رووبەڕووی گەورەترین شکستی دیپلۆماسی بوونەوە لە مێژوودا. جارێکی دیکە ئەمریکا و ئیسرائیل بەھۆی ھەڵوێستە توند و ھەنگاوە نایاساییەکانیان، رووبەڕووی لێپرسینەوەی ویژدانی کۆمەڵگە بوونەوە".
ئەردۆغان لەبارەی قودسەوە بانگەوازی بۆ ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "بانگەوازی بۆ ئیدارەی ئەمریکا دەکەم کە ھەرچی زووە تابلۆی ھەماھەنگی کۆمەڵگەی گشتی(نەتەوە یەکگرتووەکان) بە دروستی بخوێنێتەوە و لە ھەڵەکەی پاشگەز بێتەوە. پێداگریکردن لە سەر ھەڵەکە، بێجگە لە بارگرژی سوودی بۆ ھیچ کەسێک نییە و ھاوێشتنی ھەر ھەنگاوێکیش ئەمە دەخاتەڕوو".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ھەڵوێستی شەڕانگێزی ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنھا لایەنگرانی رێکخراوانی تیرۆریستی لە ناوچەکە دڵخۆش دەکات. ئەم جۆرە ھەڵوێستە نابەجێیانە تەنھا ئەو لایەنانە دڵخۆش دەکات کە بژێویان لەسەر خوێن، فرمێسک و پێکدادانەکانە".
ئەردۆغان ھەر لەوبارەیەوە رایگەیاند: "دەوڵەتی ئیسرائیلی داگیرکەر بە قۆزتنەوەی دەرفەتەکان، کارەکانی چالاکی تیرۆریستی زیاتر کردووە بە جۆرێک کە دەستی بە ھێرشکردنە سەر منداڵی نەخۆش، محەمەد و ئافرەتان و جونەیدی تەمەن ١٥ ساڵان و کەمئەندام کردووە. بۆ رشاندنی خوێنی برا فەڵەستینییەکانمان دەرفەت دەقۆزنەوە و پاشان بێ شەرمکردن لێدوانی نابەجێ لەبارەی خۆم و وڵاتەکەمان دەدەن".
سەرکۆماری تورکیا ھەروەھا گوتی: "ھەروەک بە درێژایی مێژوو کردووەمانە، ئێمە ھەروەھا بەرگری لە مافی قریبتەکان و ئۆرتەدۆکسەکان و کەسۆلیکەکان لە قودس دەکەین. ھەرگیز دەرفەت بەوانە نادەین کە دەیانەوێت قودسی شاری پێغەمبەرەکان بکەن بە گۆمی خوێن. ئینشاڵڵا ئەم خەباتە لەسەر فراوانترین زەمینە بەڕێوە دەبەین و بەرەو سەرکەوتن دەیبەین".
ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "لە بەرامبەر گشت ئەو ھەڕەشە شاراوە و نھێنیانەی لە لایەن رێکخراوانی تیرۆریستی و لایەنە پاشماوەکان و لایەنگرانی کودەتاوە دێن، ئێمە لە گوتنی قسەی حەق و دۆزی گەلەکەمان ھەرگیز لامان نەداوە. نە ملکەچی رێکخراوی جوداخواز و نە فەتۆچییەکان و نەش ملکەچی ھێزەکانی پشت ئەمانە بووین. کاتێک بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە بەڕێکەوتین، کفنمان لەبەر کرد و لە پێناو ئایندەمان، بانگمان، ئاڵامان، نیشتمانمان و مافی گشت ستەمکار و لێقەوماوان بە پێداگرییەوە درێژە بە خەباتمان دەدەین".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "لە ھزری بەکارھێنانی پارێزبەندی پەرلەمانتار وەک قەڵغانێک بۆ تیرۆریستان و تەرخانکردنی ئۆتۆمبێلی شارەوانییەکان بۆ تیرۆریستاندا دیارە کە ھیچ شتێکیان نییە بەم وڵاتە بیدەن. ئێمە لەگەڵ ئەوانە بەڕێ ناکەوین کە ئەو پارەیەی لە دەوڵەتەوە بۆیان دێت و بۆ قەندیل دەینێرن".