Mazın Asad . Sarmand Hameed
17 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2016
سان پترسبۆرگ
سەرۆکی رووسیا، فلادمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە ھێشتا جیھان لە قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ رزگاری نەبووە و گوتیشی: "کێشە ئابووری جیھان درێژەی ھەیە".
پوتین لە لە چوارچێوەی کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی لە شاری سان پترسبۆرگ گوتەیەکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی رووسیا روونی کردەوە کە کێشەکانی ئابووری جیھان درێژەی ھەیە و بەم پێیەش گوتی: "ھێشتا ئەستەمە بۆ دووبارە گەشەسەندنی ئابووری جیھان. بۆیە لەوبارەیەوە پێویست بە ھەماھەنگی گشت وڵاتان ھەیە".
پوتین لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو کە سامانەکانی ژێرزەوی بەشێوەیەکی خێرا لەناو دەچێت و ھۆکاری ئەمەشی بۆ گەشەنەسەندنی ئابووری جیھان دوای قەیرانی ٢٠٠٩ گەڕاندنەوە و راشیگەیاند رەوانە نەکردنی ئەو تەکنۆلۆژیایە نوێیانەی بەرھەم دەھێندرێت بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیھان، کێشەی نوێ لەدوای خۆیەوە دروست دەکات.
سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتەکەی تەنھا پشت بە داھاتی نەوت نەبەستێت و زیاتر گوتیشی: "وەک رووسیا پێمان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا دووبارەی ئابووریمان گەشە دەسێنێت. کۆنترۆڵی دەرچوونی سەرمایەی وڵات دەکەین و بە ئامانجین ھەڵاوسانی ئابووری بۆ ژێر سەدا ٥ دابەزێنین".
-"رق و كینەمان بەرامبەر بە ئەورووپا نییە"
پوتین لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر سزا ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی و بەم پێیەش گوتی: "رق و كینەمان بەرامبەر بە ئەورووپا نییە، بەڵام ئەمە تاک لایەنانە نابێت. دەشێت لەگەڵ ئەورووپادا لە رێگەیەکی ھاوبەش بەیەک بگەین".
سەرۆکی رووسیا ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا دەشێت ئەمریکا تاکە زلھێزی جیھان بێت و بەھۆیەوە ئامادەیی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە نیشان دا.
پوتین لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە بەھۆی سزا ئابورییەکانی سەر وڵاتەکەی، تەنھا ئەورووپا و رووسیا زەرەرمەند دەبێت و راشیگەیاند بە باشی لە ئەورووپا تێناگات کە بە ویستی ئەمریکا سزاکان درێژ دەکەنەوە.