Mazın Asad,Sarmand Hameed
19 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
ئەرزەروم
نوێنەرانی رێکخراوەكانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاووڵاتیانی شارەکانی چوار شاری ناوچەی رۆژھەڵاتی ئانادڵو، ناڕەزاییان دژی ھێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی کرد.
گرووپێک لە شاری ئەرزەروم بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ھێرشە تیرۆریستییەکانی ئەرزەروم، وان، ئێلازغ و بەدلیس دوای دەرچوونیان لە نوێژی ھەینی لە پێش مزگەوتی مێژوویی نارمانلی کۆبوونەوە. لە خۆپێشاندانەکەدا ھەریەک لە سەرۆکی شارەوانی ئەرزەروم مەھمەت سەکمان، سەرۆکی لقی ئاک پارتی لە شارەکە فاتیح یەشیلیورت، سەرۆکی یانەی عەنتاب سپۆرت ئیبراھیم قزڵ، نوێنەری خولی دووی تورکیا و سەرۆکی یانەی ئەرزەروم سپۆرت عەلی دەمیرھان و ھەریەک لە بەرپرسانی بۆرسەی بازرگانی ئەرزەروم، ژووری بازرگانی ئەرزەروم، بۆرسەی ئەرزەروم و ژووری کاسبکارانی شارەکە و نوێنەرانی رێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاووڵاتیان بەشدار بوون.
سەرۆکی لقی ئاک پارتی لە ئەرزەروم فاتیح یەشیلیورت لە گوتەیەکدا رایگەیاند پێداگری و ھەماھەنگی گەل بەرامبەر ھێرشی ناپاکەکان کە یەکێتی وڵات و پێکەوەژیان دەکاتە ئامانج، پڕماناترین وەڵامە لە دژی تیرۆر.
-ئاگری
لە شاری ئاگری نوێنەرانی ٦٥ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاووڵاتیان دوای نوێژی ھەینی لە پێش مزگەوتی گەورەی شارەکە کۆبوونەوە و ئیدانەی تیرۆریان کرد.
سەرۆکی لقی رێکخراوی ھاوکاریی مرۆیی لە ئاگری کەرەم ئەنگین بەناوی گرووپەکە لێدوانێكی دا و رایگەیاند دوای بەرپەچدانەوەی ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی، پەکەکە چالاکییە تیرۆریستییەکانی زیاد کردووە.
-قەرس
لە شاری قەرس ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامانی دەزگاکان کاردانەوەیان دژی تیرۆر نیشان دا.
سەرۆکی لقی ئاک پارتی لە قەرس ئادەم چاڵکین لە گوتەیەکی بەناوی گرووپەکە، ئاماژەی بە ھێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم رۆژانەی دوایی کرد و رایگەیاند دوای ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، رێکخراوە تیرۆریستییەكانی وەک فەتۆ و پەکەکە بە ھەمان ھزرەوە دەرکەوتن کە لە لایەن لایەنی دیکە بەڕێوە دەچن.
ئارداھان
ھاوکات لە شاری ئارداھانیش نوێنەرانی رێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاووڵاتیان دوای نوێژی ھەینی لە پێش مزگەوتی گەورەی شارەکە کۆبوونەوە و ئیدانەی تیرۆریان کرد.