AZAD MUHAMAD
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
بەرپرسی میحوەری خازر، عارف تەیفور لە لێدوانیكی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەو هێرشەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە میحوەری خازر لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و ئەو شوێنانەی پێشمەرگە كۆنترۆڵی دەكاتەوە دەست نیشان كراون و ئۆپەراسیۆنێكی تۆكمە و پلان بۆ دارێژراوە".
بەرپرسی میحوەری خازر راشیگەیاند "پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و تا ئێستا نزیكەی ١٠ كیلۆمەتر پێشڕەویان كردووە، هەرچەند چەكدارانی داعش بە بۆردومانەكانیان هەوڵی كپكردنەوەی هێرشەكانی هێزەكانی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام هیچ هەوڵێكی داعش لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شوێنانەی دەستنیشان كراون سەركەوتوو نەبووە".
تەیفور لە بارەی گرنگی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شوێنانە گوتی: "ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵ دەكرێنەوە، مەترسی بۆردومانەكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر قەزای خەبات و ناحیەی كەلەك و ناوچەكە ناهێڵێت و مەودای نێوان چەكدارانی داعش و شارو شارۆچكەكانی ناوچەكە بە جۆرێك دوور دەكەوێتەوە كە بۆردومانی چەكدارانی داعش ئامانجەكانییان نەپێكن".
جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزی زێرەڤانی، لیوا سەید هەژار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "سەعات چوار و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێكی پلان بۆ داڕێژراو لە میحوەری خازر هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی چڕییان بۆ سەر چەكدارانی داعش دەست پێ كرد و شەڕەكە تا ئێستا بەردەوامە".
ئەو فەرماندەیەی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر راشیگەیاند "ئەو هێرشەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعشە و بۆ لە چنگ دەرهێنانی ژمارەیەك گوندە و كە ژمارەیەك لە گوندەكان بە گوندی كاكەییەكان دەناسرێن لە چوارچیوەی ئۆپەراسیۆنەكەدایە و، هەوڵ دەدەین نەوەستینەوە تا شوێنێكی زۆر كۆنترۆڵ نەكەینەوە".
سەید هەژار لە درێژەی لێدوانەكانی گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر پێشڕەویی زۆرییان كردووە و تا ئێستا لە گوندی موفتیی نزیك بوونەتەوە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو گوندە و چەندین گوند و ناوچەی دیكە لەو میحوەرە كۆنترۆڵ دەكەینەوە".
ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "هەرچەند چەكدارانی داعش بەرگری دەكەن تاوەكو ناوچەكانیان لە دەست نەدەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بە هێزێكی زیاتر بە هێرش بردنێكی توندتر وەڵامی بەرگرییەكانی داعش دەدەنەوە ئەو بەرگری و بۆردومانەكانی داعش هێرشی هێزەكانی پێشمەرگەی نەوەستاندووە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شوێنانەی لە پلانی هێزەكانی پێشمەرگەدایە".
لە بارەی زیانەكانی رووبەڕووبوونەوەكان جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی دەڵێت: "لەبەر بەردەوامی شەڕەكە تا ئیستا ژمارەی كوژراوانی داعش نەزانراوە، بەڵام دڵنیاین كە ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستانی داعش كوژراون و خۆشبەختانە هێزەكانی پێشمەرگە تا ئێستا هیچ زیانێكی بەر نەكەوتووە".
ئەو فەرماندەیە رۆڵی هاوپەیمانان بە گرنگ وەسف دەكات و دەڵێت: "هێزەكانی پێشمەرگە لە زەوی و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ئاسمانی میحوەری خازر و ناوچەكە بۆردومانی بنكە و بارەگانی چەكدارانی داعش دەكەن و زیانی زۆری ماددی و گیانی بە داعش كەوتووە".
ماوەی دوو رۆژە بە بەردەوامی لە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی كەلەك جولەی هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو میحوەری خازر دەبینرا و لە ئاسمانیشەوە دەنگی فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان دەبیسترا لە ئەنجامدا هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هاوپەیمانان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كرد، لە ئێستاشدا شەڕەكە بەردەوامە.