Saad Hawrami
29 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2016
بەرپرسی میحوەری گوێڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، قادر قادر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "كاتژمێر 3 و 30 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری گوێڕ".
قادر قادر گوتی: "هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هەر یەك لە گوندەكانی ساقیا، زمارەی سابیر، بەرزاییەكانی كوشاف، كوشافی كوردان و كوشافی عەبەرەبان بووە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتیشی: "هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش لە ماوەیەكی كەمدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بەتەواوەتی تێكشكێنران و گەڕاونەتەوە مۆڵگە كۆنەكانی خۆیان".
قادر قادر رونیشی كردەوە كە ئێستا لە میحوەرەكەی ئەوان هیچ جۆرە جوڵەیەكی تیرۆریستانی داعش نییە و شەڕەكەش لە ماوەی دوو كاتژمێردا كۆتایی پێ هات و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هیچ شەهید و بریندارێكی نییە.
بەگوتەی قادر قادر، تیرۆریستانی داعش لەو هێرشەدا زیانێكی زۆریان پێ گەیشتووە بەڵام تاوەكو ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاماری تەواوی زیانەكانی لەبەردەستدا نییە.
هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش، هاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازر بۆ رزگاركردنی ژمارەیەك گوند لە ناوچەكە.
بەگوتەی فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تۆپخانەكانی فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانی یەك لە میحوەری خازر بەتۆپی قورس مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لە گوندەكانی كوڵەبۆر، وەردەك، گەزەكان، تۆڵەبەند و چەمەكۆر بۆردومان دەكەن و هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەوییەكانی بەردەوامە.