Hemn Baban,Sarmand Hameed
28 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
هەولێر
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەڵاحەدین بەهائەدین بەكەسێكی هێمن و موحافیزكار ناسراوە كە هاوشێوەی سیاسەت بایەخی زیاتری بۆ بانگەوازە.
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی بزاڤ و رەوتی ئیسلامیی لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ عومەر رێشاوی سەركردەی پێشوو و چەند هاوڕێیەكی دیكەیاندا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانییان دامەزراند كە لەشەشی شوباتی 1994 راگەیەندرا.
ناوبراو كە ئەمڕۆ پاش سەركەوتنی بەسەر دوو كاندیدەكەی دیكەی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئەمینداری گشتی سەركەوت و توانی جارێكی دیكە ببێتەوە بە ئەمینداری حزب كە لە راگەیاندنی یەكگرتووەوە تاوەكو ساڵی 2012 ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بووە، لە كۆنگرەی ئەو حزبە لە ساڵی 2012 بەویستی خۆی پۆستەكەی بەجێهێشت و رایگەیاند ئامادە نییە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە و رێگەی بۆ سەركردەی یەكگرتوو محەمەد فەرەج خۆش كرد بۆ ئەوەی ببێتە یەكەم ئەمینداری یەكگرتوو لە دوای خۆی.
ئەمڕۆ یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی حەوتەمی خۆی دەستپێكرد و تێیدا پاش كشانەوەی ئەمینداری ئێستا كە چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێدرا محەمەد فەرەج لە بەرژوەندیی سەڵاحەدین بەهائەدین كشایەوە و لە وتارەكەشیدا داوای لە هەردوو كاندید بۆ پۆستە باڵاترینەكەی نێو یەكگرتوو ئەبو بەكر عەلی و محەمەد رەئوف كرد رێچكەی ئەو بگرنە بەر و بۆ بەهائەدین بكشێنەوە، سەڵاحەدین بەهائەدین كە ئەمڕۆ دەنگی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەی حزبەكەی بەدەستهێنا بەرەسمی بە ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێدرایەوە و دیاریكرا، لێرەدا بەشێك لە ژیانی ناوبراو دەخەینە ڕوو:
-سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین یان پیاوە هێمنەكە كە بەكەسێكی بێدەنگ و كەم دوو ناسراوە لەساڵی 1950 لە شارۆچكەی تەوێڵە، خوڕماڵ سەر بە قەزای هەڵەبجە لەبنەماڵەیەكی زانستخواز و دیندار لەدایك بووە.
- لەساڵی 1965 پەیوەندیی بە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینەوە كردووە.
-لە ساڵی خوێندنی 1968-1969 خانەی مامۆستایانی تەواوكردووە و بۆ ماوەی دە ساڵ لەنێوان ساڵانی 1971 تاكو 1981 پیشەی مامۆستایەتی كردووە.
-لەساڵی 1978 بەشداریی لە دامەزراندنی كۆمەڵەی نووسەرانی موسوڵمانی كورد كردووە.
-بەهۆی پەیوەندی نەكردنی بە ریزەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە عێراق لەلایەن ئەو رژێمەوە رووبەڕووی ئازار و نەهامەتییەكی زۆر بووەتەوە، دواجار لە ساڵی 1981 هەر بەو هۆیەوە بەعسییەكان لە پیشەی مامۆستایی دووری دەخەنەوە و بیانووشیان بۆ ئەو دوورخستنەوەیە پەیوەندی نەكردنی بووە بە خزمەتی سەربازی.
-لەساڵی 1982 عێراقی بەجێ هێشتووە و چووە بۆ ئێران و لەوێوە سەركردایەتی جوڵانەوەیەكی بانخوزای و رۆشنبیری دەكات.
-10 ساڵ لە هەندەران ژیان بەسەردەبات لە ئێران و توركیا و كەنداو، لە راپەڕینی 1991 دێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی رەوتی ئیخوان موسلمین لە هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەكات كە لە شەشی شوباتی 1994 خۆی راگەیاند و بەیەكەم ئەمینداری گشتی ئەو حزبە دیاریكرا.
- سەڵاحەدین بەهائەدین كە هاوشێوەی سیاسەت بەلایەوە پێویستە حزبەكەی بایەخ و گرنگی بە بانگخوازی و پەروەردەكردنی پتری ئەندامانی بدات، ئەو بەلای زۆرێك لە ئەندامانی حزبەكەیەوە بە "كارێزما" ناسراوە، لە پاڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی كوردستانیش كەسێكی قبوڵكراوە و هیچ ناكۆكییەكی لەگەڵ هیچ حزب یان سەركردەیەكدا لەماوەكانی رابردوو بەجێ نەهێشتووە، یەكگرتووی ئیسلامی لە سەردەمی ئەمدا چەكەرە و گەشەیەكی باشی كرد، دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنەكاندا زیادی كردووە، بەهائەدین لە سەرجەم پێنج كۆنگرەكانی رابردووی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردراوەتەوە، پێش كۆنگرەی شەشەمیش خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی هەڵنەبژاردەوە.
-لەساڵی 1988 بەشداری كردووە لە كۆنگرەی ئیسلامی كوردی لە شاری ئیستانبۆل كە بڕیاری دامەزراندنی رابیتەی ئیسلامی كوردی تێدا درا.
-لەساڵی 2003 وەكو ئەندامی ئەنجوومەنی حوكمی عێراق كە دوای رووخانی رژێمی بەعس دامەزرا دیاریكرا لە گەڵ 24 سەركردەی دیكەی عێراق.
-ساڵی 2004 سەڵاحەدین بەهائەدین دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی كاتی نیشتمانی عێراقی، هەروەها ئەندامی دامەزرێنەری كۆڕبەندی جیهانیشە بۆ میانڕەوی.
- خاوەنی چەندین كتێبە لە بوارەكانی بیری ئیسلامی و پەروەردە و بانگەواز و چیرۆك بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی.
-ئەوەی چاوەڕوانی یەكگرتووی ئیسلامی دەكات لە داهاتوودا ئەركی قورس دەبێت بۆ سەڵاحەدین بەهائەدین و چەندین دۆسییەی گرنگ هەیە پێویستی بە چارەسەركردن و چاوپێداخشانەوە هەیە بەپێی بەشێك لەسەركردەكانی یەكگرتوو، لەوانە چاككردنەوەی درزی نێوان یەكگرتووەكانی ناوچەی بادینان و سۆران، گەشەپێدانی یەكگرتووی ئیسلامی و زیادكردنی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا كە لەم ماوانەی دواییدا لەكەمی دابوو، گەڕاندنەوەی یەكگرتوو بۆ دەربڕینی هەڵوێستی یەكلاییكەرەوە لەسەر پرسەكانی نێوخۆیی، گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ پەیوەندییەكانی یەكگرتوو و دراوسێكانی هەرێم.