نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی دیپلۆماسیی بەریتانی کۆبوونەوە
- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ئەلیستەر بێرت و شاندێکی یاوەری کرد .
Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ئەلیستەر بێرت و شاندێکی یاوەری کرد کە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، جۆن وێلکس و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، مارتن وار پێکھاتبوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا ئەلیستەر بێرت خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و قوربانیدانی ھەرێمی کوردستانی لە شەڕی داعش بەرز نرخاند و جەختی لە پابەندیی بەریتانیا لە پشتگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە و دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ بڕینی ڕێگەیەکی باش لە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان و پشتگیری لە حکوومەتی نوێی عێراق، ھەروەھا پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیشان دا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە ئەو کەشەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا دروست بووە توانیویەتی بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات و بەشێکی دیکەی کێشەکانیش پێویستی بە کاتی زیاتر ھەیە و جەختی لە پشتگیریی ھەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەمەلایەنە کردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە ھەر ئەگەرێکی سەرھەڵدانەوەی داعش و ھەر توندوتیژییەک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و چەند بابەتێکی پەیوەست بە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.