Hemn Baban
01 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2019
ھەولێر - AA
نەزمی حەزوری دەڵێت ترەمپ دژی سەرجەم بڕیارەکانی رەوایەتی نێودەوڵەتی ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وەستایەوە.
کۆنسوڵی گشتی فەلەستین لە ھەرێمی کوردستان، نەزمی حەزوری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکات سەبارەت بە داننان و ناساندنی خاکی بەرزاییەکانی جۆلان بە خاکی ئیسرائیل و رایگەیاند "بە ترەمپ لەبارەی و ناساندنی جۆلان وەکو خاکی ئیسرائیل دەڵێین جۆلان خاکێکی عەرەبییە و موڵکی رۆڵەکانییەتی، خاکی جۆلان بە خوێنی شەھیدانی عەرەبیی سووری و خوێنی سوپای عێراقی و سوپای رزگاریخوازی فەلەستینی و ھێزە فیداییەکانی فەلەستینی سوورکراوە، خاکی جۆلان خاکی سوڵتان پاشا ئەترەش سەرکردەی شۆڕش لە سووریایە کە دژایەتی ئینتیدابی لەسووریا کرد لەپێناو سووریا و بەرژەوەندیی گەلەکەی، بەو پێیە بڕیارەکەی ترەمپ بڕیاری شتێکە بۆ کەسێک کە موڵکی ئەو نییە بۆ کەسێک کە شایانی نییە، ئەمە ھەمان ئەو دەستدرێژییەیە کە لەسەر قودس کردی و بە دانانی وەک خاکی ئیسرائیل و پایتەختی و دووبارەی دەکاتەوە".
٢٥ی مانگی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ واژووی لەسەر ئەو بڕیارە کرد کە دان بە خاک و بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریا وەکو خاکی ئیسرائیل دەنێت و بەمەش توڕەیی بەشێکی زۆری لە وڵاتانی جیھانی بەدوادا ھات.
بڕیارەکەی ترەمپ کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بە"مێژوویی" ناوی برد پاڵپشتییەکە بۆ ئەمەی دوای بۆ چوونە نێو ھەڵبژاردنەکانی ئەم مانگە، سووریا بڕیارەکەی بە"دەستدرێژییەکی روون لەسەر سەروەریی خاکی سوریا" ناوبرد، ھەرچەندە ئیسرائیل لەساڵی ١٩٨١ ئەو بەرزاییانەی خستە نێو نەخشەی وڵاتەکەی و جیھان دانی بەم ھەنگاوەشی نەنا.
نەزمی حەزوری لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "بڕیارەکەی ترەمپ دژە لەگەڵ بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی، دژە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت بڕیارەکەی ساڵی ١٩٨١ کاتێک رەتیکردەوە جۆلان خاکی ئیسرائیل بێت و بە خاکی عەرەبیی زانی، ئەوەی ئومێدی دەکەین و بەگەلی ئەمریکیی دەڵێن ئەوەیە کە لێمان نزیک ببنەوە و ببنە دۆستی ئێمە لەپێناو ئاشتی، ئەوەی لە ئێوەمان دەوێت ئەوەیە چاودێری ئاشتی بن، نەوەک لایەنگیری ئیسرائیل و داگیرکاریی ئیسرائیل بن، داوا لە ئەمریکا دەکەین کە تەرازووەکە بپارێزێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش ویستوویانە بەتایبەت پەیوەست بە ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دۆسییەی فەلەستیین و چارەسەری دوو دەوڵەت".
کۆنسوڵی گشتی فەلەستین لە ھەرێمی کوردستان ھەروەھا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "ئەوەی ترەمپ گوتوویەتی ھەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات و بە ھەموو ئەو کەسانەی داوای ئاشتی دەکەن دەڵێین بەسە و تکایە با شەڕ بەس بێت و فەرموو با بەرەو ئاشتی بچیین".
سەبارەت بە ھەڵوێستی عێراقیش لەبارەی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی ترەمپ، کۆنسوڵی گشتی فەلەستین لە ھەرێمی کوردستان، نەزمی حەزوری دەڵێت "عێراق و ھەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بڕیارەکەی ترەمپیان رەت کردەوە و پشتیوانیی ئەو ھەڵوێستانە دەکەین، ھەروەھا دەستخۆشی لە یەکێتی ئەورووپا و یەکێتی ئەفریقیا دەکەین کە دژی ئەو بڕیارە تاک لایەنەی ترەمپ وەستانەوە".
ئیسرائیل لەساڵی ١٩٦٧ەوە بەرزاییەکانی جۆلانی کۆنتڕۆڵکردووە و لە ساڵی ١٩٨١ خستییە نێو چوارچێوەی ئیسرائیلەوە.