Sarmand Hameed
30 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی سێ کەسی راگەیاند کە گومانلێکراوی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی شاری مووسڵن.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، "دوابەدوای رووداوی نغرۆبوونی بەلەمێکی پەڕینەوە لە ناوچەی جەزیری گەشتیاری شاری مووسڵ لە رۆژی نەورۆزدا، کارەساتی خنکانی ژمارەیەکی زۆری لێکەوتەوە و ژمارەیەکیشان تاوەکو ئێستا بێسەرو شوێنن، ئێمەش وەکو ئەرکی خۆمان لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوی ھەولێر ھەڵساین بە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ئەو کارەساتە بە ناوەکانی (رەیان عبید ابراھیم) و (عبید ابراھیم) (احمد فتحی) کە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە، "لە لایەن ئێمەوە بەسەرپەرشتی دادوەری لێکۆڵینەوەی ھەولێر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ ھەماھەنگی دەکرێت و دەستی ھاوکاریمان کراوەیە بۆ ئەم بابەتەنە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، "ھەروەھا ھەر کەسێکی تریش لەم کەیسی کارەساتەدا لەلایەن دادگاوە داواکرابێت لە سنووری چالاکییمان بێت ئامادەین دەستگیری بکەین بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
لە ٢١ی ئەم مانگە بەلەمێک بە ٢٠٠ سەرنشینەوە لە دوورگەیەکی گەشتیاری لە رووباری دیجلە لە شاری مووسڵ ژێرئاو کەوت و بە ھۆیەوە ١٠٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ھێشتا دەیانی دیکەش بێ سەروشوێنن.