شیکردنەوە

عەبدولمەهدی: "عێراق لە ئێستادا سەقامگیرە و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە"

- سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی: "ئێران پاڵپشتییەکی زۆری کردین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و عێراق لە ئێستادا زیاتر سەقامگیرە و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە".

Sarmand Hameed  | 06.04.2019 - نوێکردنەوە : 07.04.2019
عەبدولمەهدی: "عێراق لە ئێستادا سەقامگیرە و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە"

Iraq

بەغدا - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێستادا زیاتر سەقامگیرە و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە.

عادل عەبدولمەهدی کە ئەمڕۆ شەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران، و لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی کۆبووەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەی هاوبەشەکەیدا لەگەڵ روحانی، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، "ئێران و عێراق خاوەن پەیوەندیییەکی مێژوویین، و پێکەوە رووبەڕووی ئاستەنگەکان بوونەتەوە".

سەرۆکوەزیرانی رووی قسەکانی کردە سەرکۆماری ئێران و گوتی: "لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوە دەبین، هاوبەشی خەم و پەژارەتانین بەهۆی ئەو وێرانکارییە ژمارەیەک شاری ئێران بەهۆی لافاوەوە بەسەریاندا هات".

عادل عەبدولمەهدی گوتیشی: "ئێران پاڵپشتییەکی زۆری کردین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و عێراق لە ئێستادا زیاتر سەقامگیرە و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە، سەردانی گرنگ بۆ سەرجەم پایتەختی وڵاتان ئەنجام دەدەین، و سەرکردەی زۆرینەی وڵاتان سەردانمان دەکەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ببێتە پێشەنگ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جەختی لەوەشکردەوە کە بەغدا هیواخوازە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر ببێت و بەرەوپشبردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەشکردەوە کە عێراق ئەوە رەت دەکاتەوە کە خاکی وڵاتەکەی دژ بە هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لە لایەن سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی پێشوازی لێکرا.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند، گەشتێک بۆ وڵاتانی هەرێمیی ئەنجام دەدات کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە، لەنێویاندا تورکیا و سعوودیە.

ئەم سەردانەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران بە یەکەم سەردانی ناوبراو بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت لەوەتەی دەستەبەرکاربوونی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın