1 23
13 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
ھەڵەبجە - AA
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، لەمیانەی پێشکەش کردنی گوتارێکدا لەمەراسیمی یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیدا کە لەھەڵەبجە بەڕێوەچوو، رەخنەی لەبارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای ھەرێمی کوردستان گرت و گوتی: "لە ٢٠١٣ و لەکاتی پێکھێنانی حکوومەتی پێنج حیزبەکەدا دژ بەحکوومەت دەنگماندا بەڵام ھەمیشە حەزمان لەچاکسازی کردووە و حەزمان لەقسەی زلی سەر میمبەر نەکردووە، لەدوای ٢٠١٣شەوە ئەم ھەرێمە توشی گەورەترین داڕمانی ئابووری ھات و دواتر ئەو کێشە سیاسیانەی لەھەرێمدا روویاندا و پاشان ململانێیەکی زۆر ناشیرین لەنێوان ھێزە سیاسیەکاندا و دواتر پەککەوتنی پەرلەمان و پەککەوتنی ژیانی سیاسی لەھەرێمی کورستانی لێکەوتەوە، ساڵ بەساڵیش بارودۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان خراپتر دەبێت، بەداخەوە لەسەرووی ١٢ ملیار دۆلار بودجەی ئەم ھەرێمەیە بەڵام ئەوە وەزعی خەڵکەکەیەتی، مەعقولە خەڵک بناڵێنێ بەدەست بێکاری و ناشەفافیەت ، تاکەی وا بناڵێنین، لەکاتێکدا وڵاتەکەمان فەقیر نيیە".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا گوتی:" ئێمە بەشاندی ھاوبەشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانمان راگەیاندووە، گرنگ ئەوەیە ئەم بارودۆخە چاک بکرێت، ئەگەر دوو حیزب چاکی دەکەن فەرموون بیکەن، ئەگەر پێنج حیزب چاکی دەکەن ئێمە دوعای خێرتان بۆدەکەین، گرنگ ئەوەیە ئەم وەزعە چاک کرێت، بەشێوازێک بارودۆخەکە چاک کرێت کە ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵی پێخۆش بێت."
رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامیی سەبارەت بەرای حزبەکەشی لەسەر ریفراندۆم و میکانیزمی ئەنجامدانی گوتی: "کە باسی ریفراندۆم کراوە گوتوومانە بەڵێ ریفراندۆم ھەلێکی زیڕینە بۆمیللەتەکەمان، گەلەکەمان دەیان ساڵە رەنج دەدات و شەھید دەدات لەپێناو ئەوەی ئەو بەزۆر لکاندنەی بەعێراقەوە کۆتایی پێ بێت و رزگاری بێت لەکێشەکانی عێراق و ئەو ھەموو خوێنەی ئەمڕۆ لەعێراقدا دەرژێت، بەڵام ئایا ریفراندۆم بە چ میکانیزمێک بکرێت، ھیچ ھێزێکی سیاسی لاری لێی لەئەنجامدانی ریفراندۆم نیيە، بەڵام جیاوازی لەمیکانیزمدا ھەیە کە بە چ شێوازێک ریفراندۆم بکرێت، ئایا لەپەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت یان لەدەرەوەی پەرلەمان بکرێت، ئێمە ئەوەمان گوتووە ساڵێکی رێکە ھەموو ھێزە سیاسیەکان ھەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدەین، کارا ناکرێتەوە، ئەگەر کاراش بکرێتەوە رەنگە بەسەقەتی کارا بکرێتەوە، بەشێوەی زۆرینە و کەمینە بێت و ئەو کات کۆمەڵێکی تر دڵیان پێی خۆش نەبێت و تەشەنوجات دروست ببێت، بۆیە رەنگە ئەم پەرلەمانە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەر ئاوا بڕوات و کارا نەکرێتەوە، مادەم پەرلەمانەکە کارانەکرێتەوە و پەرلەمان پەک خرابێت، ناکرێت پەرلەمان پەک خراوە ریفراندۆمیش پەک بخرێت، بکرێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە زۆر زۆر چاکە، بەڵام ئەگەر کارا نەکرێتەوە ناکرێت ھەلی ریفراندۆمیش لەدەست بدەین کە ئێستا بەھۆی شەری داعش و ئەو بارودۆخەی ھاتووەتە ئارا بووەتە ھەلێکی زێڕین بۆمان، بۆیە با ریفراندۆم بکرێت بەشکو ببێتە دەرگایەکی خێر لەگەلەکەمان و ئێمەش وەک تەواوی گەلانی جیھان دەوڵەت و سنووری جوگرافیای خۆمان ھەبێت، ئەو کات ئەتوانین لەچوارچێوەی دەوڵەتی خۆماندا چاکسازی بکەین و باشتر ھەنگاو بنێین".
لەوەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆش دەربارەی پرۆژەی نزیکبوونەوەی حیزبە ئیسلامییەکان و ئەو قسانەی باس لەپاشەکشەی پرۆژەکە دەکەن، رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتی:" پرۆژەی ئیسلامیەکان پاشەکشەی نەکردووە، ئێمە تا دیداری ئیسلامیەکانیش کە بەیەکەوە دانیشتووین و کۆبوونەتەوە، ھەموو ھەنگاوەکان ئیجابی بوون و کۆمەڵێک راسپاردەی باشیش لەو دیدارەدا پێشکەش کراوە، بڕیارە لەم مانگەدا سەرکردایەتی باڵای ئیسلامیەکان دانیشتن بکەین و لەو دانیشتنەدا بڕیار ئەدرێت، تائێستا ئەو دۆخەی بۆمان ھاتووەتە پێش ھیچ پاشەکشەیەکی تیا نەکراوە".
دەربارەی پشکی رێکخراو و کەسایەتیيە ئیسلامییەکان لەسەرکردایەتی باڵاشدا گوتی:" تائێستا شتێک نیيە بەناوی پشکی رێکخراوەکان، چونکە رێکخراوەکان وەکو ژیانی مەدەنی کە ئێستە باوە، ھاتوون وەکو چاودێر ھاتوونەتە ناو پرۆسەکە وەک ئەوە نەھاتوون کە پشک وەرگرن، ئەوان ھاتوون چاودێرن لەسەر ئێمە کە تاچەندە پرۆژەکە جێبەجێ دەکەین".
گوتیشی:" ئومێدی زۆرمان ھەیە بەم دانیشتنە و ئەکرێت لەم دانیشتنەدا بڕیاری ھەنگاوی باشتر بنرێت و پشت بەخوا بڕیاریشی تێدا دەدرێت".
لەدوای راپەڕینی ١٣/٥/١٩٨٧ی خەڵکی ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان و ئاوارە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لەمامۆستایانی ئایینی و خەڵکانی ھەڵەبجە بۆوڵاتی ئێران، بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەسەرۆکایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لەو وڵاتە دامەزراندنی خۆی وەک حیزبێکی چەکداری ئیسلامیی بۆ رووبەرووبوونەوەی رژێمی بەعس راگەیاند.