Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2018
بەغدا - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد و رایگەیاند کەوتنەوەی ئاگر لە کۆگای سندووقەکانی دەنگدان لە بەغدا کارێکی بە ئەنقەستە و بە ئامانجی پەردەپۆشکردنی ساختەکارییەکانە.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆپیەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو سەلیم جبوری رایگەیاندووە "تاوانی سووتاندنی کۆگاکانی تایبەت بە سندووقەکانی دەنگدان لە ناوچەی رەسافە، کارێکی بە ئەنقەست و تاوانێکی پلان بۆ دارێژاوە کە ئامانج لێی شاردنەوەی حاڵەتەکانی یاریکردن و ساختەکارییە لە دەنگەکان و فێڵکردنە لە گەلی عێراق و گۆڕینی ئیرادە و ھەڵبژاردنییەتی".
سەلیم جبوری داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن دەکات دوای ئەوەی سەلمێنرا کە ساختەکاری تێدا کراوە و یاری بە ئەنجامەکانی کراوە و بە شێوەی ئەنقەست و ترسناک سووکایەتی بە ئیرادەی گەلی عێراق کراوە، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە کە رێکاری پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بگرنەبەر و ھۆکارەکانیشی ئاشکرا بکەن.
لەلایەکی دیکەش، جێگری سەرکۆماری عێراق ئەیاد عەلاوی داوای پێکھێنانی حکوومەتی کاتی و دووبارە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی کرد.
ھاوکات زیا ئەلئەسەدی نوێنەری نووسینگەی سیاسیی سەر بە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، رایگەیاند کە ئاگرەکە بە ئەنقەت ھەڵگیرساوە و ئامانجی ئەمەش ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنەکان بووە.
ھەر لەمبارەیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، جەلیل روبەیعی رایگەیاند، کە ئاگرەکە ژووری پاراستنی سندووقەکانی دەنگدانی نەگرتووەتەوە و تەنھا ئامێرەکانی ژماردنی ئەلیکترۆنی سووتاون.
ئەم داوایەی سەلیم جبوری دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغدا ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی ھەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی ھەڵبژاردنەکان کە ناوەندی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان بوو، کەوتەوە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو "ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە ناوچەی رسافە کەوتووەتەوە".
سەعد مەعن ھیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سندووقەکانی دەنگدانی ھەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراق کە رۆژی ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، نەخستبووە روو.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، ملازم حاتەم جبوری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو "ئەو کۆگایەی کە ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە موڵکی وەزارەتی بازرگانییە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ ھەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی پەرلەمان بەکرێی گرتووە".
جبوری ئاماژەی بەوەشکرد کە تاکو ئێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە کۆگاکە لەژێر چاودێری و پاسەوانی توندی ئەمنییدایە.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێنا و دوای ئەو ئیئتلافی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ٤٧ کورسی مسۆگەرکرد و ئیئتلافی نەسر بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێنا و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، نوری مالیکی ٢٦ کورسی بەدەستھێنا و ھاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووە خاوەنی ١٩ کورسی.