Murat Paksoy,Filiz Kınık,İsmail Özdemir
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2018
کرکلارئەلی - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رەخنەی لەوانە گرت کە رەخنە لە گەشەکردنی ئابووری تورکیا دەگرن و گوتی: "دەڵێن گەشەکردنی تورکیا راستی نییە، من نازانم ئەمە چۆنە، تورکیا ساڵی رابردوو سەدا ٧،٤ گەشەی کردووە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە گۆڕەپانی کۆنگرەی شارۆچکەی لولەبورگازی سەر بە پارێزگای کرکلارئەلی گوتارێکی پێشکەش کرد.
یڵدرم باسی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد و گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت بە تایبەتی دژ بە فەتۆ، پەکەکە و داعش".
بینالی یڵدرم ھەر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتیشی: "تیرۆر ئازاری زۆری بەم وڵاتە داوە. ئیتر کاتی کۆتایھێنانی ئەم ئازارانەیە. بۆ ئەمەش پێویستە وەک برا یەکگرتوو بین. ھەموومان پێکەوە دەبینە یەک تورکیا".
یڵدرم راشیگەیاند کە تورکیا پێداگرە لە لەناوبردنی تیرۆر و گوتیشی: "سوێندمان خواردووە کە کۆتایی بە بەڵای تیرۆر بھێنین لەم وڵاتەدا. باوەڕ بکەن بەسەر ئەمەش سەردەکەوین. ئێمە لە تورکیا گەیشتوونەتە خاڵی لەناوبردنی تیرۆر. ئێستا بەرەو قەندیل ھەڵدێن، بەرەو شنگال ھەڵدێن. با بۆ ھەر کوێیەک ھەڵبێن، لە دوایان دەبین و لە ھەر کوێیەک بیاندۆزینەوە لە چالاکییان دەخەین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتیشی: "دەست بە دروستکردنی شەمەندەفەری خێرا دەکەین لە نێوان شارەکانی ئیستانبوڵ-لولەبورگاز-بابەسکی-کرکلارئەلی-کاپی کولە. خێری پێوەبێت. بەم نزیکانە کارەکانی بەڵێندەرایەتی کۆتایی دێت کە بڕەکەی دوو ملیار لیرەی تورکییە".