Abdullah Shukur
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە دوای سەردانەکەی بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی بریندارانی ھێرشەکەی شەوی رابردووی شاری ئیستانبوڵ، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و گوتی: ''لەیەکەم کاتژمێرەکانی ساڵی ٢٠١٧دا ھێرشێکی چەکداری نەفسنزمانە کرایە سەر یانەیەکی شەوانە کە کەسانی بێچەک و ھاووڵاتییانی سڤیل ئاهەنگیان تێیدا دەگێڕا. بەداخەوە لەئەنجامی رووداوەکەدا، ٣٩ ھاووڵاتیی تورکیا و کەسانی بیانی کە سەرجەمیان بێچەک و بێتاوانن، گیانیان لەدەست دا. زیاتر لە ٦٠ بریندارمان ھەبوو. ژمارەیەک لە بریندارەکان چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان جێھێشتووە. ژمارەیەکیشیان برینەکانیان سەختە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، بەڵام زۆر نیین، ٣ بۆ ٤ بریندارن''.
بینالی یڵدرم گوتیشی: ''تیرۆر ناتوانێت بمانتۆقێنێت، ناتوانێت برایەتی و یەکێتیی و پێکەوەییمان تێکبدات. تیرۆر ناتوانێت ئێمە بترسێنێت، ئێمە ئەو دەترسێنین''.
یڵدرم راشیگەیاند کە تیرۆر کێشەی گشت مرۆڤایەتییە. لەمبارەیەوە گوتیشی: "تیرۆر سەرئێشەی ھاوبەشی مرۆڤایەتییە. کەس بە تیرۆر ناگاتە ھیچ ئەنجامێک. ئامانجی تیرۆر زیانگەیاندنە بەیەکێتیی، پێکەوەژیان و برایەتییمان و دەیانەوێت کەشێک دروست بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. تورکیا ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز، رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ و رێکخراوی تیرۆریستی داعش کە لە ئاکامی بۆشایی حوکمڕانی لە سووریا و عێراق دروست بوو لە بەرەنگاربوونەوەیەکی چڕ دایە. بەدڵنیاییەوە دەزانین کە ئەمە بێ بەرامبەر نابێت. بەڵام ھەرگیزا و ھەرگیز چۆک بۆ تیرۆریستان دانادەین".
بینالی یڵدرم لەبارەی ئەنجامدەری ھێرشەکە رایگەیاند "چەکەکەی لە شوێنی رووداوەکە جێدەھێڵێت و بەسوود وەرگرتن لە پشێویی لە شوێنی رووداوەکە دوور دەکەوێتەوە. بەڵام پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن. ھەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو دەگرن. لێکۆڵینەوەکان بەوردییەکی ئێجگار زۆرەوە بەردەوامن''.
بینالی یڵدرم باسی لە ناسنامەی ھێرشبەرەکە کرد و گوتی: "لەوبارەیەشەوە ئەگەرەکان روو لە روونبوونەوەن. یەکەکانی پۆلیس، ئاسایش و ھەواڵگریی، لەھەماھەنگی چڕدان و سەرگەرمی لێکۆڵینەوەن. دواتر بەرەوپێشچوونەکان بۆ رای گشتیی رادەگەیەنرێت''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە درێژەی گوتەکانیدا گوتیشی: "پێویستە ئەوە بزانن کە ئەم ھێرشە تیرۆریستییەی ئێستا لێرە روو دەدات، سبەی لە وڵاتێکی دیکەش ئەنجام دەدرێت. ھیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەمە. ھیچ وڵاتێک پارێزراو نییە لەو ھێرشانە. ناتوانن بڵێن (تیرۆریستان زیانیان بۆ ئێمە نییە)، چەند رۆژیک بەر لە ئێستا لە ئەڵمانیا ھێرشیان ئەنجام دا، پێشتر لە عێراق، لە ماوەی پێشووتر لە وڵاتانی ھاوپەیمانمان. لەبەر ئەمە ئێمە دەڵێین تیرۆریستان پیرۆزی و ئایینیان نییە. تیرۆر لەھەموو شوێنێک ھەر تیرۆرە. تێڕوانینی دووفاقی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەرکەوتن بەدەست ناھێنێت، لاوازی دروست دەکات".