Muhammet Ali Kemal
01 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ- AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش رایگەیاند ''ئینشائەڵڵا تورکیا لە ساڵی 2017دا لە رقی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئاغاکانیان، لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سەردەکەوێت و ساڵی 2017 بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیادا ساڵێکی زۆر خراپ دەبێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت''.
نومان کورتوڵموش سەبارەت بەهێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی تەرەتە خەبەر، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا بەم هێزەیەوە دەتوانێت هەموو رێخکراوە تیرۆریستییەکان بەچۆکدا بهێنێت، راشیگەیاند ''خۆی لەخۆیدا ئەنجامدانی هێرشێکی ناپاکانەی لەوجۆرە و بەتایبەت لەمشەودا، یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانی بریتییە لەو سەرکەوتنە گەورانەی بەم دواییانە ئەم گەلە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا جا چ داعش بێت یان پەکەکە، بەدەستیهێناوە".
کورتوڵموش ئاشکرای کرد تورکیا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت و گوتی: ''ئینشائەڵڵا تورکیا ئەمساڵ لە رقی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئاغاکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سەردەکەوێت و ساڵی 2017 بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیادا ساڵێکی زۆر خراپ دەبێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت''.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەپێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبابەتی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا واز لە دووڕوویی بهێنێت و گوتی: ''ئەوەی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان باش و خراپیان هەیە... دوای هەموو هێرشێكی تیرۆریستیی فرمسێکی تیمساحی بڕێژیت و گوزارشت لەخەمباریت بکەیت بەڵام دوای ئەوە پێویستە واز لەهاوکارییکردنی بەهەر شێوەیەکی لە شێوەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بهێنرێت. زۆر بەڕوونی دەیڵێم، لەهیچ شوێنێکی جیهان ئەگەر بێت و رێکخراوێکی تیرۆریستیی ژمارەیەک پشتیوانیی هەواڵگریی نەبێت، پشتیوانیی لۆجستی نەبێت، پشتیوانی لە رووی چەک و تەقەمەنییەوە نەبێت، ئەوا ناتوانێت تەنانەت بۆ یەک هەفتە خۆی رابگرێت''.
نومان کورتوڵموش جەختی لەوەکردەوە ئەگەر جیهان بەرەوڕووی هێرشێکی گەردوونیی تیرۆر بووەتەوە، ئەوا ژمارەیەک هێز هەن کە ئەو هەڕەشەی تیرۆرە بەخێودەکەن و گوتی:
''ئەگەر نا ئەوەی کە 'سێ چوار زەلامی پێپەتی کۆبوونەوە و رێکخراوێکی تیرۆریستییان دامەزراند و دەستیاندایە کوشتنی خەڵک' هیچ بنەمایەکی نییە. ئەوە ئاشکرایە کە ژمارەیەک هێز هەن کە پشتیوانی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە دەکەن و گوڕیان دەدەنە بەر. بەتایبەت هۆکاری ئەوەی کە لە دوای مانگی تەمووزی 2015ەوە، بەوشێوەیە هێرشەکان بۆسەر تورکیا چڕبوونەتەوە، ئەوەیە لە بەرەنگاریی تورکیا لە پێناو داهاتوو و سەربەخۆییدا، قەڵس بوون. ئێمە ئەم بەرەنگارییە درێژە پێدەدەین. وەک تورکیایەکی بەهێز و گەورە، ئەو یارییە هەڵدەوەشێنینەوە کە دەویسترێت لە ناوچەکەدا ئەنجامبدرێت. بەردوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت لە رێگەی نەژاد و مەزهەبەوە گەلانی ناوچەکە پارچە پارچە بکەن و وێنە گەورەکە لە رێگەی سایکس پیکۆی دووەمەوە وەدیبهێنن''.