Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2018
بەغدا - AA
لە بەغدا ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، کەوتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی رسافە کەوتووەتەوە".
سەعد مەعن هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراق کە رۆژی ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، نەداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند کە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دان.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، ملازم حاتەم جبوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئەو کۆگایەی کە ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە موڵکی وەزارەتی بازرگانییە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵگرتنی سندووقەکانی دەنگدانی پەرلەمان بەکرێی گرتووە".
جبوری ئاماژەی بەوەشکرد کە تاکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە کۆگاکە لەژێر چاودێری و پاسەوانی توندی ئەمنییدایە.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێنا و دوای ئەو ئیئتلافی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ٤٧ کورسی مسۆگەرکرد و ئیئتلافی نەسر بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێنا و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، نوری مالیکی ٢٦ کورسی بەدەستھێنا و هاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووە خاوەنی ١٩ کورسی.