Abdullah Shukur
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2018
کۆجائیلی - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین جەھەپە وەک نوێنەری دیکتاتۆرییەت و قەدەغەچی، جارێکی دیکە تورکیا بەڕێوە ببات. رێگە بە ھاتنەدی نیازی ئەو کەسانە نادەین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە گۆڕەپانی ئیرادەی میللی شاری کۆجائیلی گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران کرد و گوتی: "٢٤ی حوزەیران گرنگی خۆی ھەیە. تورکیا دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە. دەبینن کە جیھان چۆن خۆی بە ئێمەوە سەرقاڵ کردووە. ئێمەش جوانترین وەڵامیان دەدەینەوە، بە شێوەیەکی دیموکراسیانە دەنگەکانی خۆتان بەکاردەھێنن".
ئەردۆغان باسی لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا، جەھەپە کرد و گوتی: "لە سەردەمی تاک پارتی کە تەنھا جەھەپە ھەبوو، ئەمانە زۆر ئازاری گەلیان دا. ھەڵمەتی گەشەپێدانیان وەستاند. ئەمانە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ بانگھێشتی ئەلاھو ئەکباریان لە وڵاتەکەمان بە زۆر بینی، ئەمانە ئەو کەسانە نەبوون کە بانگی نوێرییان بە تورکی بە خەڵک دەخوێندەوە؟".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، موحەڕەم ئینجە کرد و گوتی: "بەرێز موحەرەم دەڵێ "دژی کەناڵ ئیستانبوڵم" تۆ سەیری ئەم بیرکردنەوەیە بکە. ماوەیەک پێش ئێستا کەشتییەک خۆی بە کۆشکێک لە کەناری گەرووی ئیستانبوڵدا کێشا. خوا بمانپارێزێت ئەگەر ئەمە تەنکەرێک بوایە ئەوا چەندین مانگ ئاگر نەدەکوژایەوە. ئیتر مێژووی جەھەپە بەم شێوەیەیە".