Abdullah Shukur
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2018
سینگاپور / ئەنقەرە - AA
خەرجی لووتکەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون کە بڕیارە لە ١٢ی حوزەیران لە سینگاپور بەڕێوبچێت، نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە دەکەوێت.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی Strait Times، سەرۆکوەزیرانی سینگاپور، لی ھسیان لوونگ رایگەیاندووە کە لووتکەی نێوان ھەردوو سەرۆکەکە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار خەرجی دخاتە سەر وڵاتەکەی.
سەرۆکوەزیرانی سینگاپور، لوونگ راشیگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن ئەم بڕە پارەیە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی خەرج بکەن. گوتیشی: "ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە زۆر بە گرنگ دەزانین. لەم باوەڕە داین کە ئەم کۆبوونەوەیە دەرگای دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکاتەوە".
لوونگ گوتیشی: "ھەڵبژاردنی ئێمە بۆ ئەنجامدانی ئەو لووتکەیە، نیشانەی رێزگرتنی سینگاپورە لە نێوەندی نێودەوڵەتی، ئێمە ئەم داوایەمان پێشکەش نەکردبوو، بەڵام ئەوان پرسیاریان لە ئێمە کرد، ئێمەش قبوڵمان کرد".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم لە ١٢ی حوزەیران لە سینگاپور کۆدەبنەوە.