عێراق.. . ئایا موقته‌دا سه‌در له سیاسه‌ت ده‌كشێته‌وه؟
- موقته‌دا سه‌در له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك په‌یامی ماڵئاوایی بڵاوكرده‌وه و دواتریش هه‌ژماره‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته ئارا كه "ئایا موقته‌دا سه‌دڕ له سیاسه‌ت ده‌كشێته‌وه؟."
Baghdad
به‌غداد- AA
كه‌سایه‌تی سیاسی و رێبەری رەوتی سەدر، موقته‌دا سه‌در هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه سیاسییه‌كانی به‌كاری ده‌هێنا، هه‌ڵپه‌سارد، هه‌روه‌ها بڕیاری داخستنی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی ره‌وته‌كه‌شی بۆ ماوه‌ی ساڵێك دا.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رێبەری ره‌وتی سه‌در پرسیاری ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته ئاراوە كه "ئایا موقته‌دا سه‌در له سیاسه‌ت ده‌كشێته‌وه؟."
له كاتێكدا كادری پێشووی پارتی ده‌عوه، محه‌حه‌د شه‌یاع سوودانی به‌ربژێری هاوبه‌شی پارته شیعه‌كانه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و سونه‌ش په‌سه‌ندیان كردووه، بەڵام موقته‌دا سه‌در دژی به‌ربژێركردنی محه‌مه‌د سوودانییه، پێشتریش له دوو روونكردنه‌وه‌دا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵايه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردبوونه‌وه دژایه‌تی خۆی بۆ به‌ربژێركردنی ناوبراو راگه‌یاندبوو.
هۆكاری ئه‌م دژایه‌تییه‌ی موقته‌دا سه‌در بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه كه محه‌مه‌د سوودانی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی فه‌تحی نزیك له ئێران و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو نوری مالكییه‌وه پشتیوانی لێكراوه.
ئاشكراشه سه‌در و مالیكی به‌هۆی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی كۆنه‌وه پێكه‌وه ناكۆكن. چونكه له سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالكی دا چه‌ندین به‌رپرسی سوپای مه‌هدی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در ده‌ستگیركرابوون و خرابوونه به‌ندینخانه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زیره‌كانی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در له كابینه‌كه‌ی مالكی دا له‌ڕێی فشاره‌وه ناچار به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه كرابوون.
هه‌رچه‌نده پێش هه‌ڵبژارنه‌كانی 2018 نوری مالكی ئاماده‌یی خۆی بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در نیشان دابوو، به‌ڵام سه‌در به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی وه‌ڵامی ئه‌م داوایه‌ی دابووه‌وه.
به له‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو ئه‌م خا‌ڵانه سەختە موقته‌دا سه‌در به‌ربژێرێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران په‌سه‌ند بكات كه له‌لایه‌ن نوری مالكییه‌وه پشتیوانی لێكرابێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سووربوونی گرووپه شیعه‌كانی نزیك له ئێران له‌سه‌ر كاندیدكردنی محه‌ممه‌د سودانی بووه‌ته هۆی تووڕه‌بوونی موقته‌دا سه‌در.
ڕۆژی شه‌شی ئه‌م مانگه له شاری به‌غداد ئاگر به‌ردرایه گه‌راجێكی نزیك مه‌یدانی ته‌حریر و چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ریش گه‌نجێك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه هه‌ڵواسرا، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش بڵاوبووبووه‌وه كه میلیشیاكانی سه‌رایه سه‌لامی سه‌ر به ره‌وتی سه‌در ده‌ستیان له‌م رووداوانه‌دا هه‌بووه.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجیشه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م بانگه‌شانه ده‌كه‌ن كه‌سانی نزیك له حه‌شدی شه‌عبین كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن.
ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه هه‌موو ئه‌م رووداوانه موقته‌دا سه‌دریان توڕه‌كردبێت، وایانكردبێت له سیاسه‌ت دووربكه‌وێته‌وه و له ئێران درێژه به وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌ی ئاینی بدات.
بڕیاری داخستنی "ئه‌نجومه‌نی سیاسی ره‌وتی سه‌در" كه یه‌كێكه له گرنگترین مه‌رجه‌عه سیاسییه‌كانی ره‌وته‌كه له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه، ئه‌و ده‌نگۆیانه به‌هێزترده‌كات كه سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در ده‌یه‌وێت له سیاسه‌ت دووربكه‌وێته‌وه.
موقته‌دا سه‌در له دوا داخستنی هه‌ژماره‌كه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نه‌داوه، به‌ڵام چه‌ند وێنه‌یه‌كی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه كه له حه‌وزه‌ی شاری قوم له ئێران سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌ی ئایینیه.
چاودێری سیاسی عێراقی عه‌لی سوهه‌یل، له‌باره‌ی بڕیاری داخستنی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگى ره‌وتى سه‌در هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵپه‌ساردنی هه‌ژماری تایبه‌تی موقته‌دا سه‌در له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌م شێوه‌یه بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا: "رابه‌ری ره‌وتی سه‌دڕ پێشتریش داوای داخستنی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ر به ڕه‌وته‌كه‌ی دابوو. ، به‌ڵام له قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا بڕیاری هه‌ڵپه‌ساردنی هه‌ژماره تایبه‌تییه‌كه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كه به‌شێوه‌یه‌كی چڕ په‌یامه سیاسییه‌كانی له‌وێوه بۆ رای گشتی يڵاوده‌كرده‌وه، به‌مانای ئه‌وه دێت كه له ره‌وشی سیاسی رازی نییه. وا پێده‌چێت سه‌در بڕیاری دابێت ماوه‌یه‌ك له سیاسه‌ت دووركه‌وێته‌وه".
عه‌لی سوهه‌یل پێیوایه ده‌شێت یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی موقته‌دا سه‌در، پڕۆژه‌یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن بێت كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌یه‌وێت په‌سه‌ندی بكات و گوتی "سه‌در، له نزیكه‌وه چاودێری ره‌وشی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه ده‌كات كه فراكسیۆنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی پارته سیاسییه‌كان بكات ده‌شێت سوودیشی بۆ موقته‌دا سه‌در هه‌بێت. هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌ی له سیاسه‌ت ده‌بێته وه‌ڵامێك بۆ پرسیاری رای گشتی له‌باره‌ی هۆكاری به‌بێده‌نگی مانه‌وه‌ی".
تا ئێستاش ئاشكرا نه‌بووه سه‌ركۆماری عێراق به‌رهه‌م ساڵح كێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ڕاده‌سپێرێت.
له‌كاتێكدا راسپاردنی كادری پێشووی پارتی ده‌عوه، محه‌مه‌د شه‌یاع سوودانی بۆ ئه‌و پۆسته تاڕاده‌یه‌ك یه‌كلایی ببووه‌وه، دوێنێ به‌رهه‌م ساڵح نوسراوێكی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد و داوای كرد له‌پێشدا گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ئه‌نجومه‌نه‌كه دیاریبكرێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ركۆماری عێراق بووه هۆی دروستبوونی ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه هه‌لى محه‌مه‌د شه‌یاع سوودانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌م بووه‌ته‌وه، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه كه رێككه‌وتنی پارته سیاسییه‌كان له باره‌ی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌وه هه‌ڵوه‌شابێته‌وه.
جگه له موقته‌دا سه‌در، شه‌قامی عێراقیش دژی به‌ربژێركردنی محه‌مه‌د شه‌یاع سوودانییه. خۆپیشانده‌ران له یه‌كه‌م ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دیاریكردنی ناوبراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران تا ئێستا ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.
له شوێنه‌كانی تایبه‌ت به خۆپیشاندان له به‌غدای پایته‌خت به گه‌وره‌یی پۆسته‌ری محه‌مه‌د سوودانی و نوری مالیكی هه‌ڵواسراوه و هێڵی ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر ده‌موچاویاندا هێندراوه.
خۆپیشانده‌ران دژ به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سوودانی له پارته‌كه‌ی بۆ خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، پانكارتی "كه‌سی سه‌ربه‌خۆ نه‌ك ده‌ست له‌كاركێشاوه"یان به‌رزكردوه‌ته‌وه.
ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌گه‌ر محه‌مه‌د سوودانی به‌ته‌واوی هه‌لی بوون به سه‌رۆك وه‌زیران له‌ده‌ستبدات، پارته شیعه‌كان سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی، مسته‌فا كازمی بۆ ئه‌و پۆسته پێشنیاز بكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و نوسراوه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه و تیایدا داوای دیاریكردنی گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی كردووه، بووه‌ته هۆی دروستبوونی نیگه‌رانی له‌باره‌ی دره‌نگ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و درێژبوونه‌وه‌ی رێكاره‌كان تا گه‌یشتنیان به دادگای ده‌ستوری.
به‌پێی یاساكانی عێراق له ئه‌گه‌ری كۆتایی هاتنی قۆناغی ده‌ستوری پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و دیارینه‌كردنی به‌ربژێری نوێ، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌درێته سه‌ركۆمار.