Abdullah Shukur
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
ئەنقەرە
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ رایگەیاند: "دەنگۆی ھەڵسوکەوتی خراپ و ئەشکەنجەدان ئۆپەراسیۆنێکە لە لایەن ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی بەمەبەستی گۆڕینی راستییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەم دەنگۆیانە راست نین و بێ بنەمان، بە ھیچ شێوەیەک ئەشکەنجەی دەستگیر کراوان نەدراوە و ھەڵسوکەوتی خراپ بەرامبەریان نەکراوە".
بۆزداغ لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە کە لە راگەیەنراوەکەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە رێککەوتی ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٦ پەیوەندیدار بە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوانی کودەتاچی ئاماژەی پێ کرابوو.
بۆزداغ ئاشکرای کرد کە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بووەتە ئامێری پروپاگاندەی کودەتاچییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی و بێ ئەوەی ھیچ زانیارییەکی ھەبێت باوەڕی بە ئەندامانی رێکخراوەکە کردووە و تورکیا لەمبارەیەوە تۆمەتبار کردووە.
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ جەختی لەوە کردەوە کە "دەنگۆی ھەڵسوکەوتی خراپ و ئەشکەنجەدان ئۆپەراسیۆنێکە لە لایەن ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی بەمەبەستی گۆڕینی راستییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەم دەنگۆیانە راست نین و بێ بنەمان".