Salam hanadni. Sarmand Hameed
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
سلێمانی
دكتۆر مستەفا زەڵمی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، لە رێوڕەسمێكدا تەرمەكەی گەڕێندرایەوە ناحیەی خورماڵ ـى سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کە بە دووری 75كیلۆمەتر دەکەوێتەو باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
پێش کۆچکردنی لەسەر ئەركی خۆی بریاری كردنەوەی ناوەندێكی رۆشنبیری دا لە ناحیەی خورماڵ و وەسیەتی ئەوەشی كرد بوو كە لە حەوشەی ئەو ناوەندە رۆشنبیریە تەرمەكەی بەخاك بسپێردرێت.
یەكێك لە كورەكانی پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی، مەسعود مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" باوكم هەمیشە حەزی كردووە خزمەت بە گەلی كورد بكات لە هەموو بوارەكانیدا، هەرگیز نەیگوتووە من ماندووم لەخزمەت كردن بە خەڵك و بە ئاین، هیچ كات خۆی بە ماندوو نەزانیوە، بەردەوام هەوڵی خزمەت كردنی داوە بۆ هەموو كەسێك لە هەردین و بیرو باوەرێكدا بووبێت بە بێ جیاوازی".
كورەكەی مستەفا زەڵمی گوتیشی: "سوپاسی هەموو ئەو كەس لایەن و بەرپرسانی حیزبی و حكومی دەكەین كە ئەمرۆ لە هەولێرەوە تاكو زێدی خۆی لەخورماڵ بەردەوام لەگەڵ تەرمەكەی باوكم دابوون و هاوكار و هاوخەمی ئێمە بوون،گەورەیی خۆیان و وەفا و خۆشەویستییان بۆ مستەفا زەڵمی نواند".
لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەیدا سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان محەمەدی حاجی مەحمود گوتاری لایەنەكانە سیاسیەكانی خوێندەوەو گوتی: " پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی كۆچكردوو مستەفا زەڵمی دەكەین، كۆچی ئەو زانایە خەسارەتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد كە ئەو تەنها لە گوندێكەوە لە دایك بوو،بەڵام زانستەكەی گەیاندە تەواوی كوردستان و وڵاتانی دەروە و زانكۆكانی جیهان".
محەمەدی حاجی مەحمود گوتیشی: "زانستەكەی مستەفا زەڵمی هەرگیز بە كۆتا نایە و هەتاهەتایە نەوە بۆنەوە دەرسی لێ وەردەگرن، زانستەكەی وەك ئاوی سەرچاوەی زەڵمە و هەرگیز كۆتایی نایەت، وەك چۆن لە ئێستاش دا لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی بەرهەمەكانی دەخوێنرێن".
لەلای خۆیەوە سەرپەرشتیاری كارەكانی زانای كورد دكتۆر مستەفا زەڵمی رێدەر ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " دكتۆر مستەفا ماوەیەكی كەمە توانای نووسینی نەماوە، پێشتر بە ردەوام سەرقاڵی نووسین بوو،ئێستا بە كۆی گشتی بەرهەمەكانی 60 كتێبی هەیە لە بوارە جیاجاكان دا كە بە زمانی كوردی و بە زمانی عەرەبی چاپ كراون و بڵاو كراونەتەوە".
رێدەر ئەحمەد راشیگەیاند: "ئێستا سێ كتێبی ماوە كە لەم چەند ساڵەی دوایدا نوسیوویەتی بەڵام هێشتا كاری چاپكردنیان ماوە و بڵاونەكراونەتەوە، هەركاتێك كاری چاپكردنیان تەواو بوو ئەو كتێبانەش بڵاودەكرێنەوە".
ئەوەشی گوت:" ئاواتی دكتۆر مستەفا ئەوە بوو كە ئەم بینایە تەواو بكرێت و وەك ناوەندێكی رۆشنبیری تەواوی بەرهەمەكانی لە كتێب و وێنە و رێزلێنانەكانی لەم ناوەندەدا هەڵبگیرێت و رۆشنبیران و نوسەران و خوێنەرانی كورد سوودی لێوەربگرن".
ئەمرۆ لە حەوشەی ئەو ناوەندە رۆشنبیریەی كە لەسەر وەسیەتی خۆی ماوەی 4 مانگە كاری تێدا دەكرێت و نزیكەی %50 كارەكانی تەواو بووە، تەرمی دکتۆر مستەفا زەڵمی بەخاك سپێردرا،بەو شێوەیە تەرمەكەی و بەرهەمەكانی لە چوارچێوەی یەك بینادا و لە زێدی خۆی كۆدەكرێنەوە.
دكتۆر مستەفازەڵمی لەساڵی 1924لە گوندی زەڵم لە ناوچەی هەورامان لەدایك بووە،لەساڵی 1946دا خوێندنی زانستی ئیسلامی تەواوكردووە، لە ساڵی 1965یش بروانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری یاسادا لە زانكۆی بەغداد بەدەست هێناوە، بروانامەی ماستەری لە (شەریعەی ئیسلامی) و (فقە مقارن) لە زانكۆی بەغداد و لە زانكۆی قاهیرە بەدەست هێناوە، لەساڵی 1975دا دكتۆرای لە (فقە مقارن) لە زانكۆی ئەزهەر لە وڵاتی میسر بەدەست هێناوە.