Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی - AA
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەرئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکە، ھەروەھا پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی لایەنی براوەی یەکەم بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە دەکات.
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە بە لیستی ھاوپەیمانی سەردەم بەشدارییان کردبوو، بەپێی دەرئەنجامە بەراییەکان ئەو ھاوپەیمانییەتییە زیاتر لە ١٥ ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە و کورسییەکی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە.
محەمەد حاجی مەحموود سەرەتا لە بارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دوا و، گوتی: "لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئومێدمان خواست کە ھەڵبژاردنێکی باشتر بکرێت لەژێر سایەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ئەو ساختەکارییەی لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا کراوە،نەکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لە ھەندێک شوێن لە سەدا ٢٥ تا سەدا ٣٥ دەنگ درابوو، لە دوای کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆوە رێژەکە کرایە لە سەدا ٥٦ و زیاتر، ئەوەش شتێکی خراپ بوو مانای وایە واز لە ئەنجامدانی ساختەکاری ناھێنن".
ئەو گوتی: "پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەیە ھاووڵاتیان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان ھەڵبژێرن بۆ پەرلەمان، ئێستا ماوەی دوو ھەفتەیە سەرقاڵی ئەوەن چۆن دەستکاری دەنگەکان بکەن و دەنگی ئەو لایەنانەی ناڕازین بۆیان زیاد بکەن و لایەنی تر کەم بکەنەوە".
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەریدەخات کە نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، ئەو گوتی: "بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن، نەخشەی سیاسی و قەبارەی لایەنەکان لە پەرلەمان تێکچووە و وەک پێشتر نەماوە، لایەنەکان بەشێکیان لە سەدا ٦٠ و بەشێکی دیکەیان سەدا ٥٠ دەنگەکانیان کەمی کردووە، پەرلەمانی ئەمجارە وەک پێشتر نابێت، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا پێویستە لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بەتایبەت لە پێکھێنانی حکوومەتدا، چونکە لەم وڵاتەدا ھەر لایەک بۆخۆی شوێنێکی ھەیە و ھێزی سەربازی و ئەمنی ھەیە و رەنگە ئەگەر لە حکوومەت ھەموو پێکەوە نەبن کارێکی ئاسان نەبێت بەتەنھا لایەنێک بەڕێوە بچێت".
ئەو ھەروەھا گوتیشی: "پەرلەمان دەکرێت ھەموو حزبەکانی تێدا بێت، بەڵام حکوومەت ئەرکی جێبەجێکردنی ھەیە و بەو عەقڵیەتە ناکرێت، ھەرکەس لە حکوومەت بێت پێویستە بەجددی لە حکوومەت بێت نەوەک پێیەکی لەناو حکوومەت و پێیەکی لەناو ئۆپۆزسیۆن بێت و، پێش چەند مانگێک لە ھەڵبژاردن لە ترسی دەنگی ھاووڵاتیان حکوومەت بەجێبھێڵیت، ناکرێت بۆ چەند ساڵ لە حکوومەت بیت و لە خێر و بێرەکەی بخۆیت بەڵام کە نزیکی ھەڵبژاردن بوویەوە بیکەیتە ھەرا و، پاشەکشە بکەیت، ئەوکات خەڵک باوەڕ بەوە ناکەن".
محەمەد حاجی مەحموود کە ئەزموون و خەباتی دەیان ساڵی پێشمەرگایەتی و سیاسی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و پێشتر پەرلەمانتار و لە نێو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشدا پۆستی وەزیری ھەبووە، جەختی کردەوە لەوەی پێکھێنانی حکوومەت تەنھا بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناکرێت کە براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردنەکەن، لەو بارەیەوە گوتی: "پێکھێنانی حکوومەت بە تەنھا بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناکرێت، پێویستە پێکەوە بن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و ئەوکات دەتوانن لایەنی دیکەش بەشداری پێبکەن لەگەڵ خۆیاندا".
محەمەد حاجی مەحموود باسی لەوەش کرد، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەزموونی حکوومەتی بنکە فراوان ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە لە ھەرێمی کوردستان و شکستی ھێناوە.
ئەو گوتی: "حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان لە خوولی چوارەمدا نەک نەیانتوانی خزمەتی خەڵک بکەن، بەڵکو بوون بە کێشە بۆ خەڵکی، رەنگە ھاووڵاتیان زیاتر بەدەست ئەندامانی پەرلەمانەوە گیریان خواردبێت، چونکە ئەوان لە بری دەرکردنی یاسا و رێکخستنی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی پەرلەمانیان ھێنابووە سەر شەقام و ناو خەڵکەوە، ئەوان بۆ خۆیان باش بوون و ئاسودە بوون، بەڵام بۆ خەڵک بوونە کێشە".