سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی ریفراندۆم و ھەڵوێستی وڵاتانی جیھان و ناوچەکە و عێراق لەسەر پرسەکە و کاردانەوەکان و ھەوڵەکانی ھەرێم بۆ دڵنیاکردنەوەی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و جیھان و رەواندنەوەی مەترسییەکان دەکات.
- "زەمینەسازی بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم دەستی پێکردووە"
محەمەد حاجی مەحمود سەرەتا و لە بارەی ئامادەکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆسەکە کە بڕیارە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داھاتوو بەڕێوەبچێت دوا و گوتی: "لە دوای رێکەوتی ٧ی مانگی رابردوو کە بڕیاردرا پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و بەروارەکەی بۆ دیاری کرا، لەو کاتەوە کە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردانەکانی کوردستانیش خۆیان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون دەست بە ئامادەکارییەکان کرا و بەشێک لە تێچووی پڕۆسەکەشیان رادەست کراوە، ھەروەھا زەمینەسازییەکانیش دەستیان پێکردووە و پێش دوو رۆژ لیژنەی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاردراوە ژمارەیەک کۆمیتە دروست بکرێت بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، شاندێک سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات و شاندێکی تر سەردانی بەغدا، ھەروەھا شاندێکی تر سەردانی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و وڵاتانی تر دەکات. ئامادەکارییەکانی تریش لە رووی پێویستییەکانی پڕۆسەکەوە دەستیان پێکردووە و پرۆسەیەکی ئاسانتر دەبێت لەچاو ھەڵبژاردنەکان، چونکە ململانێی حزبەکان کەمترە تێیدا و ھەمووان بۆ یەک ئامانج دەنگ دەدەن، ئەوەش وا دەکات پێداویستییەکانی پڕۆسەکە کەمتر بن".
- "ریفراندۆم ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە"
ئەو بەرپرسە کوردە کە سەرکردەیەکی سەربازی ھەرێمی کوردستانە و پێشتر سەرپەرشتیاری میحوەری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە لە شەڕی دژ بە داعش لە بارەی ئەوەی گشتپرسی تەنھا لە سنووری ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەبێت یان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەکەش دەگرێتەوە، لە وەڵامدا گوتی: "ریفراندۆم بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکرێت، ئێستا ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نەماوە و ھەمووی لەژێر دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە و ریفراندۆمەکە بۆ ھەموو دانیشتوان و خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و تەنھا سێ پارێزگاکە ناگرێتەوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوەش دراوە کورد لە ھەر ناوچەیەک بێت پڕۆسەکە بیگرێتەوە".
- "بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستمان بە گفتوگۆ و کاتی زیاتر ھەیە"
سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان باس لەوەش دەکات کە ئەنجامدانی گشتپرسیەکە بۆ راگەیاندنی راستەوخۆی دەوڵەتی کوردستان نییە و بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە کاتی زیاتر و گفتوگۆ ھەیە لەگەڵ بەغدا و گوتی: "ریفراندۆم لە سەرەتاوە بۆ سەربەخۆیی و دیاریکردنی مافی چارەنووسە، بەڵام لە ئێستادا ھەندێک ململانێ لەناو حزبە کوردستانییەکاندا ھەیە و حزب ھەیە بە ناوی میلـلەتەوە قسە دەکات کە کورد دەوڵەتی ناوێت و نان نییە بیخوات، ھەندێک حزبیش دەڵێن کورد پێویستی بە دەوڵەتە و نان نەبێت بیخوات بەڵام سەربەخۆ بێت، ئەوە لە دەستی حزبەکان دەردەھێنیت و خەڵکی کوردستان بۆ خۆی دەنگ دەدات بە ھەر شێوەیەک بێت، ئەوکات قسەی لەسەر دەکەیت، ئێمە راستەوخۆش دوای پڕۆسەکە ئەگەر ئەنجامەکە دەرچوو رای ناگەیەنین کە دەوڵەتی سەربەخۆ رادەگەینین، بۆ ئەوە پێویستمان بە کات و گفتوگۆ ھەیە لەگەڵ بەغدا و ئەگەر بە بێ شەڕ بتوانین چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانمان بکەین گرنگترە. رەنگە زەمەنی ئێستاش یارمەتیمان بدات و لە ھەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیھانی چەندین وڵات سەربەخۆیی خۆیان بەدەستھێنا، ھەروەھا چەندین نەتەوەی تریش بە بێ شەڕ توانیان سەربەخۆیی خۆیان بە دەست بھێنن و ئاڵای خۆشیان ھەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا کە لەسەردەمێکداین خەڵک دەتوانێت بە بێ شەڕ یەکتر قبووڵ بکات، ئێمەش میلـلەتێکی جیاوازین و ھەموو شتێکمان جیاوازە و مافی ئەوەمان ھەیە لەسەدەی ٢١دا لەسەر خاک و ئاوی خۆمان بژین و لە قورئان و فەرمودەشدا نەھاتووە ئێمە تاسەر ژێر دەستەی عەرەب بین. لە رووی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و جوگرافییەوە مافی خۆمانە لەسەر خاک و وڵاتی خۆمان بژین و ھیچ شتێک نییە رێگر بێت لەوە، ئێمە مافی خۆشمانە کە مافمان ھەبێت لەوەی لەگەڵ بەغدا دەژین یان نا، ئێمە مەترسی نین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بە پێچەوانەوە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەپارێزین وەک کورد، ماوەی ٢٦ ساڵە ئازادین و نیمچە سەربەخۆیمان ھەیە، لەو ماوەیەدا جگە لە خێر و بێر بۆ وڵاتانی دراوسێ زیانمان نەبووە و ئەوان سوودمەند بوون لە ئێمە، بۆیە ئێمە گرەنتی ئەمنیەتی ناوچەکەین و گرەنتی ئەوەین کە شەڕ نەبێت و سنووری ئێران و عەرەب جیا بکەینەوە کە لەماوەی رابردوودا لە سنووری ھەرێمی کوردستانەوە پەلاماری یەکیان داوە. پێمان وایە نەک مەترسی نین لەسەر وڵاتانی دراوسێمان، بەڵکو دراوسێیەکی باش دەبین بۆ عێراق و تورکیا و ئێران و سووریا و زیاتر دەتوانین پەیوەندییەکانمان بەھێزتر بکەین لەگەڵیان، چونکە ئەوکاتە بڕیارەکان ھەموو لە لای خۆمان دەبێت لە داھاتەکانی سەرزەمین و ژێرزەمین بەو ژێرزەمینە بەھێزەی کە ھەمانە".
- "وڵاتانی جیھان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم نین"
محەمەد حاجی مەحمود کە وەک سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی دیاری ھەرێم لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی وڵاتانی جیھان ئامادەیە لە بارەی ئەوەی تا چەند ئەو وڵاتانە دژی ئەنجامدانی گشتپرسی ھەرێمی کوردستانن و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدان، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "وڵاتانی جیھان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم نین، بە نموونە ئەمریکا دەڵێت یەکێتی خاکی عێراقمان دەوێت و رێز لە ئیرادەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش دەگرین، رەنگە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە قسەیان ھەبێت و دژی پرۆسەکە بن، بەڵام عێراق کە خاوەنی بابەتەکەیە تا ئێستا دژی نییە و بە رەسمی ھیچ راگەیەنراوێکی دەرنەکردووە دژی ریفراندۆم، ئەوەی ھەیە حزبە عێراقییەکان تەنگەتاون، لایەنی حکوومەتیش دوای ئەوەی حزبەکان چوونە سەری فشاریان لێکرد کە بۆ ھیچ قسەیەکی نییە لەسەر ئەوە سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی رایگەیاند ئەگەر ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە بێت سکاڵا دەکەم، لەوە زیاتر شتێکی تری نەگوتووە".
- "ھەموو خەڵک دەچنە سەر سەندوقەکان و دەنگ دەدەن"
سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان کە خۆی دانیشتوی شاری سلێمانییە و پێگەی جەماوەری حزبەکەی دەکەوێتە ئەم پارێزگایەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دانیشتوانی شارەکە بە گشتی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن و گوتی: "ئەوەی کورد بێت لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کەسێک ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان و بڵێت من ژێر دەستەییم دەوێت لەگەڵ بەغدا و سەربەخۆیی ناوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێم وایە ھەموو حزبەکان لە ئەنجامدا دێنە سەر سندوقی دەنگدان و خەڵکیش ھەموویان دێنە سەر سندوقەکان، خەڵکی سلێمانیش پێشەنگی خەبات و تێکۆشان و فیداکاری بوون، دانیشتوانی شارەکە لە ساڵی ١٩٣٠ داواکاری سەربەخۆییان کردووە و رازی نەبوون بچنە پاڵ عێراق و قوربانیان داوە، رەنگە توێژێکی ناو خەڵکەکە کە رەنگە ئەوانیش بە وەکالەت بۆ خەڵکی تر ھەندێک شت بڵێت ، بەڵام ئەوەش نابێتە خەڵکی شاری سلێمانی و دەورووبەری و ھەموو خەڵکەکە دەنگی خۆیان دەدەن".
- "ھیچ پەیماننامەیەک دژایەتی گشتپرسی ناکات"
محەمەد حاجی مەحمود لە کۆتایی دیمانەکەی ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێتکە رێککەوتنامە جیھانییەکان رێگەخۆشکەرن لەبەردەم مافی چارەنووسی گەلان و ھیچ پەیماننامەیەک دژایەتی گشتپرسی ناکات و گوتی: "لە کاتی خۆی لە کاتی کێشەی ویلایەتی مووسڵ کە داواکراوە کورد بخرێتە سەر ویلایەتی مووسڵ یان بەغدا، لە لایەن کۆمەڵەی گەلانی ئەو کاتەوە بەڵێن دراوە ئەگەر حکوومەتی عێراقی مافەکانی خۆیان وەک خۆی بۆ جێبەجێ نەکات مافی جیابوونەوەیان ھەیە، ھەروەھا جارنامەی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکات کە ھەموو میلـلەتێک مافی چارەی خۆی ھەیە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت ھەموو میلـلەتێک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە، کەواتە شتێک نییە پێچەوانەی ئەوە بێت، عێراق بۆ خۆی یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیمزای کردووە لەسەر ئەوەی ھەموو میلـلەتێک بۆی ھەیە مافی چارەنووسی خۆی ھەبێت، ئێمەش نابێت چاوەڕوانیی ئەوەبین ھەر وڵاتێک بێت و سەربەخۆیمان بۆ بخاتە سەر سینییەکی زێڕین و پێشکەشمان بکات، پێویستە خۆمان بڕیار بدەین و چۆن ئەمری واقیعمان دروست کردووە و کەس پێی نەگوتین خۆمان شۆڕش و راپەرینمان کرد و پەرلەمان و حکوومەتمان دروست کرد، ئێستاش پرسی کەسی ناوێت و ھەموو جیھان لەگەڵ ئەمری واقیعدا مامەڵە دەکات".
news_share_descriptionsubscription_contact



