Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی - AA
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سكرتێر و بەرپرسانی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان دواو گوتی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكوومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی ئێستایە، دوو بۆچون هەیە كە یەكیان داوا دەكات حكوومەتێكی كاتی دابمەزرێنین، بۆچونێكیش ئەوەیە هەوڵ بدەین بە زووترین كات هەڵبژاردن بكەین، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەوە باس دەكەین بزانین باشترین رێگاچارە چیە بۆ ئەم دۆخە، دوای ئەوە خۆمان وەك حكوومەت بڕیار دەدەین بەچ جۆرێك مامەڵە بكەین و دواتر وردەكارییەكان ئاشكرا دەكەین".
سەرۆكی حكوومەت گوتی: "لێكنزیكبوونەوە هەیە لە نێوان لایەنەكان و ئەوەی تا ئێستا لەو لایەنانەی سەردانمان كردووە هەموومان وەك یەك بیر دەكەینەوە، لەوەی هەمووان دژ بە دووئیدارەیین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا قسە بكات، نابێت هەر لایەك سەربەخۆ لەگەڵ هیچ لایەك قسە بكات، ئەو پڕەنسیپانەش ئەوانەن كە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن".
ئەو هەروەها گوتی: "ئێمە پێمان وایە ئەم حكوومەتە خۆی كاتییە و ئێمە كۆمەڵێك پرسیارمان هەیە لەسەر حكوومەتی كاتی كە مەبەست چییە و دەیانەوێت چی بكەن، ئەمانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باس دەكەین، گۆڕان هەڵوێستی خۆیان بە ئێمە گوتووە لەسەر حكوومەتی كاتی، ئێمەش دوای كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەكان، وەك حكوومەت هەڵوێستی خۆمان دیاری دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی لە بارەی بڕیاری حكوومەتی هەرێم بۆ كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا گوتی: "هێزەكانی عێراق داوایان دەكرد هێزەكانی پێشمەرگە لە بەنداوی مووسڵ بكشێنەوە، وتمان باشە و كێشە نییە. لە هەندێك لە رەبیعەش وتیان وتمان كێشە نییە، بەڵام دوایی وا تێگەیشتین لەهەر شوێنێك بێت ئەوان زیاتر داوا دەكەن، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا كە سنوورێك دیاری بكەین بۆ ئەوە و نابێت لەوە زیاتر بێنە پێشەوە".
بارزانی لە بارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گوتی: "تا ئێستا وادەی سەردانی بەغدا دیار نییە ، ئێمە هەڵوێستی خۆمان باسكردووە و پێویست بە دووبارەكردنەوە ناكات، وەك حكوومەت دەچینە بەغدا، هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدارن لە حكوومەت بەشدار دەبن لە شاندەكەدا".
ئەو سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەی كرد بەوەی حكوومەت تا توانای هەبێت مووچە دابەش دەكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر توانای نەبوو ئەوكات بەهەمووانی دەڵێت و دۆخەكە و روونكردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە دەدەن و گوتی: "هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن ئێمە بە دۆخێكی سەخت تێپەڕ دەبین، ئەو دۆخە سەختەش پێویستی بە یەكگرتوویی و تێگەیشتنی هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەكان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە یەكگرتوویی دەرباز دەبین لەو دۆخە".
لە لای خۆیەوە سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، محەمەد حاجی مەحمود بۆ رۆژنامەنووسان دوا و لە بارەی كۆبوونەوەكەوە گوتی: "حكوومەت بە پەرۆشەوە هاتووە بۆ قسەكردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان و لەسەر پرسی كورد و كێشەكان هەموو لایەنەكان یەكهەڵوێستیان هەیە، ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین کە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەڕێوە بچێت".
شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆكی حكوومەت، قوباد تاڵەبانی و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لەسەر پشكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مەولود باوەمراد و وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری لەسەر پشكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەبدولستار مەجید و راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دڵشاد شەهاب پێكهاتوون، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانیان كرد و سەرەتا سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان-یان كرد و لەگەڵ رێكخەری گشتی گۆڕان، عومەری سەید عەلی و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبوونەوە.
دواتر شاندی حكوومەت، سەردانی گردی دەباشانیان كرد و چاویان كەوت بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
پاش نیوەڕۆش، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەگای حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان لەگەڵ سكرتێر و بەرپرسانی تری ئەو حزبە كۆبوونەوە.
رۆژی رابردووش لە شاری هەولێر لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوە.