جه‌بار یاوه‌ر: "داعش هه‌زار بۆ دوو هه‌زار چه‌كداری ماوه‌وه و شوێنی به‌غدادیش نادیاره"
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت هێشتا داعش له‌نێوان هه‌زار بۆ دوو هه‌زار چه‌كداری له‌عێراق ماوه و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش چالاكن"
Arbil
جه‌بار یاوه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت له كابینه‌ی نۆیه‌م به‌رنامه‌ی چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ته‌واو جێبه‌جێ ده‌كرێت، ده‌شڵێت هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامن له هاوكاریی دارایی، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مه‌شقی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
- "داعش بۆشاییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی قۆستووه‌ته‌وه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: زۆر جار باس له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌كرێت، ئه‌و رووپێوییه‌ی ئێوه و سوپای عێراق ده‌یكه‌ن بۆ چییه؟ پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "له‌سه‌ر ئه‌و پرسه یه‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق كراوه كه ئه‌ویش له چواری شوباتی ئه‌مساڵ بوو، ئه‌ویش له رۆشنایی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق د.عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانی پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا و پێنج لێژنه‌ی ناوچه‌یی ده‌ركرد و فه‌رمانی كردبوو له پاش دامه‌زراندنییان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ی چۆنێتی دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی و هێزی هاوبه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش دژ به تیرۆریستانی داعش به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه ناوچه‌ی كوردستانیی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمن، واته ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 كه له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی كۆتایی هاتنی شه‌ڕی داعش له كۆتایی ساڵی 2017 كرده‌ی تیرۆریستیی داعش به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕوات نه‌وه‌ك كه‌مبوون، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك ناوچه چه‌كدارانی داعش بنكه و باره‌گایان داناوه. لێژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق كه له شوباتی رابردوو هاتنه هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه لێژنه‌یه‌كی باڵا و پێنج لێژنه‌ی لاوه‌كییمان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه پێكهێنا كه بۆ ناوچه‌كانی دیاله، سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ركووك، مه‌خموور، رۆژهه‌ڵاتی موسڵ، رۆژئاوای مووسڵن، له‌و كۆبوونه‌وه ته‌نها یه‌ك بڕیارمان دابوو وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هه‌ماهه‌نگیی كاركردن، ئه‌ویش بریتی بوو له رووپێوكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه‌ی مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه له خانه‌قینه‌وه تا ره‌بیعه، هه‌روه‌ها رووپێوكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق له خانه‌قینه‌وه تاوه‌كو شنگال، لێژنه‌كه له‌ماوه‌ی دوو مانگدا لێژنه‌كه كاره‌كانی ته‌واوكرد و له‌سه‌ر نه‌خشه دابه‌شبوونه‌كه‌ی د‌یاریكردبوو، له هه‌فته‌ی پێشوو تیمێكی تایبه‌تی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقی هاتنه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و به نه‌خشه كه نه‌خشه‌كانیشیان دا به وه‌زاره‌ت ئه‌و رووپێوییه‌یان باسكرد كه به‌وردی بڵابوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی سوپای عێراق روون ده‌كاته‌وه، مه‌به‌ست له‌م كاره ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ناوچانه ده‌ستنیشان بكه‌ین كه بۆشایین له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی سوپای عێراق، چونكه بۆشاییه‌كی زۆر له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌یه و داعش سوودێكی زۆری لێ وه‌رگرتووه بۆ كرده‌وه‌كانی، دیاره ئه‌و بۆشاییه له دیاله، له كه‌ركووك، له مه‌خموور، له مووسڵ، له شوێنی تریش هه‌یه تا ده‌گاته ره‌بیعه، له‌هه‌ندێك شوێن بۆشاییه‌كان یه‌ك كیلۆمه‌تره، له هه‌ندێك شوێنیش 20 كیلۆمه‌تره، چونكه هێزی سه‌ربازیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی لێ نییه داعش ئه‌وه‌ی قۆستووه‌ته‌وه. ئێمه چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو لێژنه‌ی باڵای هه‌ردوولا ده‌كه‌ین و له رۆشنایی ئه‌و نه‌خشه‌یه باس له‌و بۆشاییانه ده‌كه‌ین، ناوه‌ندی هاوبه‌ش و هێزی هاوبه‌ش و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌كوێ دروست بكه‌ین و ئه‌نجام بده‌ین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌نێوان هێزه‌كانی سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه هه‌ن چه‌ند كیلۆمه‌تر ده‌بێت به‌گشتی؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌و رووپێوییه‌ی ئه‌نجامدراوه له ناوچه‌یه‌كی 550 كیلۆمه‌تری كراوه، ئه‌و رووپێوییه له لایه‌ن پێنج لێژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی و پێنج لێژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌نجامدراوه له‌رێگه‌ی ئۆتۆمبێل و پیاده‌وه، ئه‌و لێژنه‌یه 550 كیلۆمه‌ترییان كردووه، هێزه‌كانی ئێمه و عێراق كه دابه‌شبوون درێژییه‌كه‌ی 550 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌و ژماره‌یه بۆشایی نییه، له دیاله به نموونه له‌چه‌ند شوێنێك بۆشایی هه‌یه، له كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌ش هه‌یه. له‌هه‌ندێك شوێن نێوانمان له 500 مه‌تر نییه، له‌هه‌ندێك ناوچه ره‌نگه 20 كیلۆمه‌تر به پانتایی بۆشایی هه‌بێت، نه ئێمه ئۆپه‌راسیۆنی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ین نه سوپای عێراق، به نموونه ناوچه‌ی قه‌ره‌چوغ كه داعش سوودی له‌و بۆشاییه وه‌رگرتووه، له ناوچه‌كانی حه‌مرین، قه‌ره‌ته‌په، ناوچه‌كانی خانه‌قین و به‌ره‌و نه‌فتخانه و ئیدی به‌و شێوه‌یه".
- "چه‌كداره‌كانی داعش له سووریاوه دزه‌یان كردووه‌ته عێراق"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا داعش و چه‌كداره‌كانی له‌كام ناوچانه‌ی عێراق چالاكن؟
جه‌بار یاوه‌ر: "به‌پێی بینینی ئێمه ناوچه‌كانی مه‌خموور و ده‌روبه‌ری، ناوچه‌كانی حه‌ویجه، ریاز، عه‌باسییه، ناوچه‌كانی نێوان كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌ددین، ناوچه‌كانی حه‌مرین، ناوچه‌كانی قه‌ره‌ته‌په له‌نێوان خورماتوو تا كفری، ئه‌و ناوچانه زۆرینه‌ی چۆڵه و ئه‌وه‌ی پێیان ده‌گوترێت ئاڵا سپییه‌كان له‌و ناوچانه‌ن، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی نزیك ئێران، نێوان جه‌له‌ولا و خانه‌قین، ناوچه‌كانی نێوان خانه‌قین و سنووری ئێران، نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولا، ئیدی جار و بار له روومادی، له سه‌ڵاحه‌ددین، له حه‌مام عه‌لیلی مووسڵیش ده‌بێت، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی له مه‌خمووره‌وه تا باشووری كه‌ركووك تا قه‌ره‌ته‌په و ناوچه‌كانی دیاله گه‌رمترین ناوچه‌ن بۆ تیرۆریستانی داعش".
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێوه هێشتا داعش له شه‌ش ناوچه چالاكه، داعش چه‌ند چه‌كداری ماوه له‌عێراق؟
جه‌بار یاوه‌ر: "داعش هێشتا له سنووری هه‌زار تا دوو هه‌زار چه‌كداری ماوه له‌و ناوچانه و بڵاوه‌یان كردووه، به‌ڵام داعش زۆر شانه‌ی نووستووی هه‌یه له لادێیه‌كان به‌تایبه‌ت، جگه له‌وانه‌ی چه‌كداری ره‌سمیی داعشن، خه‌ڵك له چه‌ندین ناوچه به‌شه‌و ده‌بنه‌وه داعش و یارمه‌تیی ده‌ده‌ن و ده‌بنه ده‌لیل بۆیان و خواردنییان بۆ ده‌به‌ن و هاوكارییان ده‌كه‌ن. راسته له‌ماوه‌ی چوار ساڵ ئێمه به‌هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌یه‌كه‌وه توانیومانه خه‌لافه‌تی داعش كۆتایی پێ بهێنین وه‌كو هێزی چه‌كدار، به‌ڵام له‌رووی فیكرییه‌وه هێشتا ئه‌و خه‌لافه‌ته كۆتایی نه‌هاتووه، زۆر خه‌ڵك هه‌ن كه بیروباوه‌ڕی داعش بوونییان هه‌یه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ئه‌ورووپا هه‌یه به ئۆتۆمبێل خۆی به‌ناو خه‌ڵك ده‌كات، به‌چه‌قۆ هێرش ده‌كات و شتی دیكه‌ش، بۆیه گرنگه ده‌ست پێ بكه‌ین به پڕۆسه‌ی شه‌ڕێكی فیكری دژی داعش".
ئاژانسی ئانادۆڵو: چه‌كداره‌كانی داعش له سووریاوه دزه‌یان كردووه‌ته عێراقه‌وه به‌مدواییانه؟
جه‌بار یاوه‌ر: به‌پێی راپۆرته‌كانی ئێمه و به‌دواداچوونه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێمه له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی دیكه‌مان به‌ڵێ، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له سلێمانی چه‌ند كه‌سێك له شانه نووستوه‌كانییان ده‌ستگیركران، له‌هه‌ولێر به‌هه‌مان شێوه، دیاره ئه‌وانه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له ناوچه‌كانی سووریاوه هاتوونه‌ته ئێره، چوونه‌ته كه‌مپه‌كان یان چوون بۆ ناو شاره‌كان، هێشتا سه‌ركرده‌كانی داعش هه‌موویان كۆتاییان نه‌هاتووه، هێشتا كه‌س به‌ته‌واوه‌تی شوێنه‌كانییان نازانرێت، مادام سه‌ركردایه‌تییان ماوه په‌یوه‌ندییان ماوه، ئه‌وان به پله‌ی یه‌كه‌م سوشیاڵ میدیا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانییان به‌كارده‌هێنن و زۆر شاره‌زان له‌م بواره‌دا، هه‌ر شانه‌یه‌كیان له‌و سه‌ری دونیا بێت په‌یوه‌ندیی به‌وانی دیكه‌وه له‌رێگه‌ی سوشیاڵ میدیاوه ده‌كات، ئیدی له‌هه‌ركوێیه‌ك بن، زۆر به ئاسانی له‌و رێگه‌یه‌وه رێنمایی یه‌كتر و په‌یوه‌ندیی به‌یه‌كتره‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڵێ هه‌ندێك له‌و چه‌كدارانه هاتوونه‌ته كه‌مپه‌كان، شاره‌كان، هێشتا به‌شێكییان له بیابانه‌كانن".
- " ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان شوێنی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی نازانن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ئێستای داعش چییه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "جاران به پله‌ی یه‌كه‌م نه‌وت و داهاته‌كانی نه‌وت بوو، چونكه بیرێكی زۆری نه‌وتییان له عێراق و سووریا له‌ده‌ست بوو، پێشتر وه‌كو خه‌لافه‌ت گومركییان وه‌رده‌گرت، ئێستا ئه‌مه‌یان نه‌ماوه، به‌ڵام ئێستا سه‌رچاوه‌كانییان بریتیه له رفاندنی خه‌ڵك و وه‌رگرتنی پاره له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنییان، هه‌روه‌ها هه‌ندێك ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ن پاره‌دارییان ده‌كه‌ن، وه‌كو چۆن هاوكاریی قاعیده‌یان ده‌كرد، خه‌ڵك هه‌یه هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئه‌وانه و بیروباوه‌ڕی ئه‌وانی هه‌یه و هاوكارییان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك جار له ئاڵوگۆڕی پاره له‌رێگه‌ی ده‌سته‌وه و له‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه كه‌ڵك وه‌رده‌گرن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: زانیاریی ئێوه له‌سه‌ر شوێنی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی چییه؟ له‌كوێیه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "هه‌موو داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی دونیا زۆر جار زانیاریی بڵاوده‌كه‌نه‌وه و هه‌ریه‌كه و شتێك ده‌ڵێن، به‌ڵام هێشتا هیچ داموده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری به‌دیاریكراوی نازانن له‌كوێیه، به‌ته‌نها ئه‌و نا، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی داعش كه ماون ئه‌وانیش نازانرێت له‌كوێن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: شه‌ڕی داعش چی زیانێكی به هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی گه‌یاند؟
جه‌بار یاوه‌ر: "من باوه‌ڕم به‌وه نییه كه ده‌گوترێت شه‌ڕی داعش ته‌واوبووه، شه‌ڕی داعش ته‌واونه‌بووه، داعش ئێستاش له لیبیا، له یه‌مه‌ن، له ئه‌فغانستان، له ئه‌ورووپا و وڵاتانی دیكه خه‌ڵكی هه‌یه ته‌قینه‌وه ده‌كات و ئۆتۆمبێلی پێیه خۆی به ناو خه‌ڵكدا ده‌كات، ئێستا رۆژانه له‌نێوان پێنج بۆ 10 كه‌س له‌عێراق به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆره‌وه ده‌كوژرێـن، له سووریا هه‌ر كوشتن هه‌یه، داعش وه‌كو خه‌لافه‌ت نه‌ماوه، خاكی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، داموده‌زگای ده‌وڵه‌تدارییان نه‌ماوه كه له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه دروستی‌یان كردبوو، به‌ڵام وه‌كو رێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانی كۆتایی نه‌هاتووه، وه‌كو چۆن قاعیده هێشتا ماوه و رۆژانه شت بڵاوده‌كاته‌وه و چالاكیی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ش ده‌ڵێن هێشتا داعش ماوه، بیانووی ئه‌مریكا بۆ نه‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانییان له سووریا هێشتا ئه‌وه‌یه كه داعش ماوه. به‌پێی ئاماره‌كان له كۆتایی ساڵی 2017 تاوه‌كو كۆتایی 2018، واته له‌ساڵێكدا نزیكه‌ی 456 كرده‌ی تیرۆریستییان له عێراق ئه‌نجامداوه، 1720 شه‌هید و بریندار و رفێنراو هه‌بووه، جگه له‌وه‌ش ئامارێكی كۆتایی ساڵی 2018 هه‌یه، واته له 24-12-2018 تاوه‌كو 24-3-2019 له‌م سێ مانگه‌دا نزیكه‌ی 100 كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامدراون، زیاتر له 456 كه‌س شه‌هید و بریندار و رفێنراو هه‌بووه. داعش زه‌ره‌رێكی زۆری نایه‌وه، زۆر شار هه‌ر رووخاون، هه‌روه‌ها كوشتارێكی زۆری به‌جێهێشت به‌دوای خۆیدا، به‌ته‌نها ئه‌وه‌ی ئاماره‌ی كراوه له عێراق خۆی زیاتر له 350 هه‌زار كوژراو و بریندار له ریزی مه‌ده‌نی و سه‌رباز ده‌دات، ئێمه له‌هه‌رێمی كوردستان 1720 شه‌هیدمان هه‌یه كه پێشمه‌رگه‌یه، پۆلیسه، ئاسایشه، به‌رگرییه، زێڕه‌ڤانییه، مه‌ده‌نییه به‌نموونه ره‌نگه شۆفێری ئه‌مبوڵانس بێت یان شۆفێرێكی ئۆتۆمبیلی پاككردنه‌وه‌ی رێگه بێت، 10 هه‌زار و 720 بریندارمان هه‌یه، جگه له هێزه‌كانی عێراقی، ئه‌وه حسابی لیبیا و یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان و سوریا و وڵاتانی دیكه".
- " تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی 70 و 80 له‌ژێر دیراسه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌كابینه‌ی داهاتوو جێبه‌جێی بكه‌ین "
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌نیازی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌ته‌كه‌شن، هاوپه‌یمانان سه‌رقاڵی ئه‌م ئه‌ركه‌ن له‌گه‌ڵتاندا، ئه‌وان به‌چی مه‌به‌ستێك ده‌یانه‌وێت ئه‌و كاره بكه‌ن؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌و پڕۆژه‌یه هی هاوپه‌یمانان نییه، ده‌بێت ئه‌وه راست بكه‌مه‌وه، ئێمه له ساڵی 2017 وه‌كو ئه‌میندارێتی گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه داوامان لێ كرا كارنامه‌یه‌ك بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماده بكه‌ین، ئه‌وه‌بوو 17 خاڵمان وه‌كو كارنامه‌ی ریفۆرم له‌ناو وه‌زاره‌ت ئاماده‌كرد، له هه‌مان ساڵدا راوێژكارانی ئه‌مریكی، به‌ریتانی، ئه‌ڵمانی سێ پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش كرد، پاشان له كۆتایی 2017دا لێژنه‌یه‌كی باڵامان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و راوێژكارانی ئه‌و سێ وڵاته پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانی ئه‌وان و هی ئێمه‌ش تێكه‌ڵ بكه‌ین و ئه‌وه بوو پڕۆژه‌یه‌كی 35 خاڵمان داڕشت، ئێستاش به‌هه‌ماهه‌نگی كارده‌كه‌ین، راوێژكارانی ئه‌وان و هی ئێمه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی چاكسازییمان دروستكردووه و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌رمان مه‌شق پێكردووه له لایه‌ن راوێژكارانی به‌ریتانییاوه و خاڵه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌خه‌ینه واری جێبه‌جێ كردنه‌وه، كۆمه‌ڵێكیان چوونه‌ته واری جێبه‌جێكردنه‌وه له‌وانه به ئه‌لیكترۆنیكردنی پێدانی مووچه‌ی پێشمه‌رگه، یه‌كخستنی جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه، پێداچوونه‌وه به یاساكان، پێداچوونه‌وه به‌په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، پێداچوونه‌وه به میره و ئه‌وانه، ئێستا پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌یه بۆ چۆنێتی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی 70 و 80 و له‌ژێر دیراسه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌كابینه‌ی داهاتوو جێبه‌جێی بكه‌ین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی دژ به داعش هێشتا به‌رده‌وامن له هاوكارییكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه؟ له‌رووی دارایی، پڕچه‌ككردن، مه‌شق و راهێنان؟
جه‌بار یاوه‌ر: "به‌ڵێ ئێستاش هاوكاریكردنه‌كانییان به‌رده‌وامه، له‌رووی مه‌شقه‌وه ناوه‌ندی مه‌شقی هاوپه‌یمانان به‌رنامه‌ی مه‌شقی ساڵی 2019یان ماوه، جار‌و بار ئه‌فسه‌رانمان بۆ وڵاتانی تر ده‌ڕۆن بۆ مه‌شق، هێشتا هاوكاریی ئاسمانی له هه‌ندێک ناوچه له ئۆپۆراسیۆنه‌كان ماوه، جگه له‌وه‌ش راوێژكاره‌كانییان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ماون به‌تایبه‌ت له پرسی ریفۆرم له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ماوه، یارمه‌تییه‌كانییان بۆ پێشمه‌رگه هه‌ر ماوه كه مووچه‌ی نزیكه‌ی 36 هه‌زار پێشمه‌رگه كه نزیكه‌ی 20 ملیار دینار ده‌بێت ده‌یده‌ن. یارمه‌تی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیش هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌ڵام وه‌كو جاران نییه، ئێستا به‌پێی پلانه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌ڵام جاران بۆ شه‌ڕگه‌كان بوو".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌وایه به‌پێی پڕۆژه‌كه ئیدی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌بنه یه‌ك هێز؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تدارییمان له هه‌رێمی كوردستان نوێیه كۆن نییه، ئێمه له 1992ه‌وه ده‌ستمان كردووه به دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌كان، به‌ڵام دوای كێشه و شه‌ڕی ناوخۆ و لێكدابڕان و دوو حكوومه‌تی دروست بوو، ئێمه له‌ساڵی 2010 وه‌كو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه تێكه‌ڵ بووینه‌وه، ئه‌مه زۆر نییه، پێشتر ئه‌زموونی ئێمه ئه‌زموونی شاخ بووه، دواتر هاتووه‌ته شار، ده‌بێت ئه‌زموونی حزب ته‌سلیمی حكوومه‌ت بكه‌ینه‌وه، ریفۆرم واته رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان وه‌كو هێزێكی ستاندارد، به‌ریتانییه‌كان و ئه‌مریكییه‌كان ئه‌وان ده‌ڵێن خۆشیان كاتی خۆی وابوون و هێزه‌كانییان په‌رته‌وازه‌بوون و جیا بوون، له لوبنان ئێستاش چه‌ندین هێز هه‌یه، له لیبیا، له یه‌مه‌ن، له شوێنی دیكه‌ش، بۆیه هاوپه‌یمانان ده‌ڵێن دێین و یارمه‌تی ئێوه ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هێزێكتان هه‌بێت كوردستان بپارێزێت و هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقی فیدڕاڵ له پاراستنی وڵات و شه‌ڕی دژی تیرۆر و ئه‌وانه، حزبی سیاسی ده‌بێت به‌رنامه‌ی سیاسی هه‌بێت نه‌وه‌ك هێزی سه‌ربازیی، هێزی سه‌ربازیی ده‌بێت هێزی حكوومه‌ت بێت، هه‌تاوه‌كو هێزی سه‌ربازیی لای حزبی سیاسی بێت له‌لای حزبه‌كان به‌كارده‌هێنرێت له ململانێی سیاسی، بۆیه تا هێزه‌كان له‌لای حزب نه‌بن و له‌لای حكوومه‌ت بن ئه‌وه وڵات له ململانێ پارێزراو ده‌بێت".
- "پڕۆژه 35 خاڵییه‌كه‌ی چاكسازیی 2 بۆ 5 ساڵی پێویسته"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئێمه نزیكه‌ی 42 هه‌زار تا 44 هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، 14 لیوا و دیوان و هه‌ندێک داموده‌زگامان هه‌یه، یه‌كه‌كانی 70 و 80ش نزیكه‌ی 120 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و 35 خاڵه‌ی ریفۆرم چه‌ند خاڵی چوونه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "كۆمه‌ڵێكمان خستووه‌ته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، پێداچوونه‌وه به میلاك ده‌ستمان پێكردووه، یه‌كخستنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ ده‌ستمان پێكردووه، یاساكان ته‌واومان كردووه و چاوه‌ڕوانی كابینه‌ی نوێین، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ته‌واوبووندایه و بورجمان داناوه بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و خه‌ریكی سیسته‌می په‌یوه‌ندیی بێ سیمین له‌نێوان وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌كان، مه‌سه‌له‌ی ژمێریاری یه‌كه یه‌كه به ئه‌لیكترۆنیی پێدانی مووچه‌ین. ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌نێوان دوو بۆ پێنج ساڵی ده‌وێت و له سه‌ره‌تای ساڵی 2018ه‌وه ده‌ستمان پێكردووه، به‌لانی زۆره‌وه تا 2023 ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ كراوه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: واته كه‌ی پڕۆژه 35 خاڵییه‌كه به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كرێت؟
جه‌بار یاوه‌ر: "له‌و بڕوایه‌دام له كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌م پڕۆژه‌یه كۆتایی پێدێت، واته ده‌بێته به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌كابینه‌ی نۆیه‌م".
ئاژانسی ئانادۆڵو: گه‌ره‌نتی ده‌كرێت له‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی هێزه‌كانی 70 و 80 رێكبخه‌نه‌وه له‌نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه؟
جه‌بار یاوه‌ر: "ئه‌وه ده‌بێت له یه‌كێتی و پارتی بپرسیت، چونكه من نه سكرتێری هیچ كام له‌وانه‌م و نه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هیچیانم، به‌ڵام به حوكمی ئه‌زموونی خۆم له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئه‌م كار و پۆستانه‌ی هه‌مبووه له لێژنه‌كان و پۆسته‌كاندا پلانمان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌ته‌واوه‌تی جێگیر بكه‌ین له كابینه‌ی نۆیه‌م، ئیتر خاڵه‌كان كامییان پێش ئه‌وی تر ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یان ده‌ستمان پێكردووه كه‌هه‌ندێكییان ئاسانن، به‌ڵام گه‌شبینیم ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێ بكرێت".
- "چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا زه‌ره‌ر به عێراق ده‌گه‌یه‌نێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا له ئه‌گه‌ری وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی له ئێران له لایه‌ن ئه‌مریكاوه هه‌رێمی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت؟
جه‌بار یاوه‌ر: "بێ گومان هه‌موو شه‌ڕێك له ناوچه‌كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ناوچه‌كه بێ كێشه و ململانێ بێت بێگومان ئێمه‌ش له ره‌وشێكی هێمندا ده‌بین، هه‌ر شه‌ڕێكیش هه‌بێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه ده‌بێت، ئێمه نزیكه‌ی 900 كیلۆمه‌ترمان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، جگه له ده‌روازه‌ی سنووری ره‌سمی و ناڕه‌سمی و له‌رووی ئابوورییه‌وه سوودییان لێ وه‌رده‌گرین، بۆیه هه‌ر كێشه‌یه‌ك یان شه‌ڕێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، ئومێد ده‌كه‌ین هیچ شه‌ڕێك دروست نه‌بێت و به سیاسییانه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببن، چونكه به‌كارهێنانی چه‌ك كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، نموونه‌ش بۆ ئه‌مه سووریایه، ئه‌وه چه‌ند ساڵه شه‌ڕ ده‌كرێت و سوریا وێران بوو، ئه‌نجام ئێستاش هه‌موو وڵاتان له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د و نوێنه‌ره‌كانی داده‌نیشن، كاتی خۆی پرسیاریان له مام جه‌لال كرد وتییان به‌شه‌ڕ كۆتایی پێ دێت وتی نه‌خێر و به‌شه‌ڕ كۆتایی نایه‌ت و چاره‌سه‌ر نابێت، بۆیه ئه‌و كێشانه به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نابێت، به‌تایبه‌ت ئێران كه به‌قه‌د كیشوه‌رێكه، به‌تایبه‌تتریش زۆر وڵاتی ئه‌وروپا هه‌ن كه له‌گه‌ڵ شه‌ڕ و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌مباره‌یه‌وه نیین كه به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ببێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق بچنه ده‌ره‌وه؟ به‌تایبه‌ت قسه له‌سه‌ر بوونی پڕۆژه یاسایه‌ك ده‌كرێت بۆ ده‌ركردنییان له‌عێراق.
جه‌بار یاوه‌ر: "یه‌كه‌م ئه‌و پڕۆژه یاسایه هه‌ڵه هه‌یه له ناساندنی، كۆمه‌ڵێك ئیمزای كۆمه‌ڵێك كوتلەی په‌رله‌مانی وه‌رگیرابوو بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ رێكخستنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق نه‌وه‌ك ده‌ركردنی، ده‌یانویست هێزه بیانییه‌كان و مانه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی یاسا بێت، ئێستا نه‌وه‌ك به‌س هێزی ئه‌مریكا، هێزی به‌ریتانی، هۆڵه‌ندی، فه‌ڕه‌نسی، ئیتاڵی، كه‌نه‌دی، هه‌نگاری، ئوستوڕاڵی و هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ش، راوێژكارییان هه‌یه، سه‌ربازییان نییه، ئیدی چه‌ندین بنكه‌یان هه‌یه و كۆكردنه‌وه‌ی یاساكه بۆ رێكخستنی ئه‌و هێزانه‌یه له عێراق، هێزیش هه‌یه مۆڵه‌تیشی وه‌رنه‌گرتووه وه‌كو توركیا، له زۆر ناوچه هه‌ن و به‌ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی هیچ رێككه‌وتنێكی ره‌سمی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر داكۆكی هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق ئه‌وه عێراق زه‌ره‌ر ده‌كات، چونكه ساڵی 2011 حكوومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی ناچاركرا به ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به بیانووی ئه‌وه‌ی شه‌ڕی قاعیده ته‌واوبووه، چونكه پاش ئه‌وه داعش هات و یه‌ك له‌سه‌ر چواری خاكی عێراقی كۆنتڕۆڵكرد و چوار ساڵ عێراقی تووشی شه‌ڕ كرد و هێزی مرۆیی و ماددی عێراقی زۆری برد، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌كشابانایه‌ته‌وه ئه‌وكات ئه‌و هه‌لورمه‌رجه رووی نه‌ده‌دا، چونكه هێزه‌كانی عێراق ئاماده‌نه‌بوون بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، بۆیه ئێستاش هێزه‌كانی عێراق پێویستییان به‌هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌رووی ئاسمانییه‌وه، له‌رووی ته‌كنیكی سه‌ربازییه‌وه، له‌رووی هه‌ندێك چه‌كی مۆدێرنه‌وه، له‌رووی هه‌واڵگرییه‌وه به‌تایبه‌ت هه‌واڵگریی ئاسمانیی، له‌رووی مه‌شقه‌وه، بۆیه په‌له‌كردن له پاڵنانی ئه‌و هێزانه بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق زه‌ره‌ر به عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام رێكخستنی ئه‌و هێزانه به‌پێی یاسا شتێكی ئاساییه".