Abdullah Shukur
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2016
حەلەب
لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا لە ناوەندی شاری حەلەب و چۆڵاییەکانی ئەو شارە کە لە ژێر دەستی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دایە، ٢٤ کەس کوژران و ٧٣ کەسیش برینداربوون.
بەرپرسی بەرگری شارستانی حەلەب نەجیب ئەنساری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا گەڕەکەکانی ساڵحیان، مەشھەد، سەکەری و مەرجە-ی شاری حەلەبیان بۆردومانکردووە و بەو ھۆیەشەوە ١٥ کەس کوژران و ٤٣ کەسیش برینداربوون.
ئەنساری راشیگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە رژێم، شوێنە نیشتەجێیەکانی شارەدێی بەتیبۆ و شارۆچکەی ئەترابی رۆژئاوای شاری حەلەبیان بۆردومانکردووە و لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا نۆ کەس کوژران و ٣٠ کەسیش برینداربوون.
ئەنساری ئاشکراشی کرد ژمارەیەکی زۆری تەرمی ھاووڵاتیان کەوتووەتە ژێر بینا رووخاوەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانیش بە توانایەکی سنووردار کارەکانی خۆیان بەرێوە دەبەن.
ئەنساری گوتیشی: "تیمەکانی بەرگری شارستانی لە گەڕەكی مەرجەی شاری حەلەب توانیان منداڵێکی ١١ مانگی لە ژێر بینایەکی رووخاو بە زیندوویی دەربھێنن. بەڵام دایکی ئەو منداڵە سەرەڕای گشت چارەسەرییە پزیشکییەکان گیانی لەدەستدا".
بەپرسانی نەخۆشخانە گەڕۆکەکانی شاری حەلەبیش رایانگەیاند کە بۆ بریندارانی ھێرشەکە پێویستیان بە کەلوپەلی پزیشکی ھەیە.