Sarmand Hameed
01 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
بەهۆی باران بارینی بەخوڕ کە ماوەی چەند کاتژمێرێکە شاری هەولێری گرتووەتەوە لافاو دروستبوو و نهۆمی یەکەمی شوقەکانی گەڕەکی شەهیدان کە دەکەوێتە تەنیشت بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژێرئاو کەوت.
بەگوتەی شاهێدحاڵەکان لە شوێنی رووداوەکە، لافاوەکە بەهۆی رووخانی پردێکەوە روویداوە کە لە ناحیەی دارەتوو سەر بە قەزای دەشتی هەولێر بۆ گلدانەوەی ئاو دروست کراوە.
وەک شاهێدحاڵەکان ئاماژەی پێ دەدەن، رووخانی ئەو پردە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی شەهیدان.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد کە نهۆمی یەکەمی شوقەکانی ئەو گەڕەکە ژێرئاو کەوتوون و هاوکات ئاوەکە پەڕیوەتەوە بۆ بەشێک لە خانووەکانی هەمان گەڕەک.
بە گوتەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، لافاوەکە تەنها زیانی ماددی بە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.
هاوکات راشگەیەنرا کە لە ئێستادا چەند شوفەڵێک سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامەکانی گەڕەکەکەن بۆ ئەوەی ئاوە کەڵەکەبوووەکە لە رێگای زێرابەکانەوە کەمبکرێتەوە و وەک پەیامنێری ئاژانسی ئانادوڵو رایگەیاند کە لە ئێستادا کارەبای ئەو گەڕەکە کوژاوەتەوە.