Mazın Asad
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2016
واشنتۆن
کوژرانی پێنج پۆلیس لە شاری داڵاس خوێناویترین هێرشە کە لە ئەمریکا بەرامبەر بە پۆلیس ئەنجامدرابێت دوای ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر.
لە مێژووی نزیکی ئەمریکادا ھێرشەکەی میکا خافیەر یەکێکە لە جددیترین ھێرش دژی پۆلیس.
بەپێی زانیارییەکانی "دەزگای دەفتەری یادگاری پۆلیسە قارەمانەکان"ی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ٥٧ پۆلیس لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کوژراون.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا پێنج پۆلیس، لە مانگی شوبات ١٠ پۆلیس، لە ئادار ١٦ پۆلیس، لە نیسان دوو پۆلیس، لە ئایار حەوت پۆلیس، لە حوزەیران ١١ پۆلیس و لە مانگی تەمووزیش شەش پۆلیس لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کوژراون.
ھەر بەپێی ئامارەکان ٢٦ پۆلیس بە چەک کوژراوە و ئەوانی دیکەش لەکاتی ھەڵاتندا یاخود ھەڵکوتانە سەر پۆلیس بە ئۆتۆمبێل یاخود چەند ھۆکارێکی دیکە کوژراون.
دەزگاکە ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ١٣٠ پۆلیس لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کوژراون.
- زۆرترین ژمارەی پۆلیس لە ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەردا کوژراون
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای یادگاری پۆلیسی نیشتمانی ئەمریکا لە ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر بۆسەر شاری نیویۆرک، ٧٢ پۆلیس کوژرا بوو.