Hamza mansur
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2016
سەڵاحەددین
بەرپرسێكی خۆجیی پارێزگای سەڵاحەددین دوائاماری كوژراوانی تەقینەوەکانی قەزای بەلەدی راگەیاند و ئاشکرایکرد کە بەپێی دوا ئامارەکان، ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەکان بۆ ٥٤ كەس بەرزبووەتەوە.
پێشتر بەرپرسانی ئەو پارێزگایە رایانگەیاند بوو كە لە تەقینەوەکاندا ٤٨ كەس كوژراون و ٧٠ی دیكەش بریندار بوون.
لەوبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای بەلەد، رازی محەمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: " بەهۆی ئەوەی کە تەرمی چوار كەس لە ژێر داروپەردووی تەقینەوەكاندا دۆزراونەتەوە، هەروەها دوو لە بریندارەكان لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیانیان لەدەستدا، ژمارەی كوژراوەكان بۆ ٥٤ كەس بەرزبوویەوە".
- پاراستنی ئاسایشی قەزاكە رادەستی میلشیاکانی سەرایا سەلامی سەربە رەوتی سەدر، كرا
چەكدار لە سەرایا سەلام، موهەنەد عەبدولزەهرە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە دوێنێەوە سەرایا سەلام ئەركی پاراستنی ئاسایشی قەزای بەلەدیان لە ئەستۆ گرتووە".
عەبدولزەهرە گوتیشی: "لە ئێستادا چەكدارانی سەرایا سەلام بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس لەناوەوە و دەرەوەی قەزای بەلەد بڵاوبوونەتەوە تا بە باشی ئاسایشی قەزاكە بپارێزن".
دوێنێ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر میلیشیاکانی سەرایا سەلامی رەوانەی قەزای بەلەد كرد، تا هەروەک خۆی بانگەشی بۆ کرد ئاسایشی قەزاكە بپارێزن.
لەلایەكی دیكەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بە توندی تەقینەوەکانی قەزای بەلەدیان سەركۆنە كرد.