توركيا, جيهان, ئابووری, عێراق

کۆمپانیا تورکییەکان لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی و وزەدا دەدرەوشێنەوە

بەھۆی گۆڕانی ئاو و ھەوا و پاکڕاگرتنی ژینگە لە جیھاندا، خواستێکی زۆر لەسەر وزەی نوێبووەوە ھەیە، ھەر بۆیەش بەشێک لەو کۆمپانیا تورکییانە وزەی نوێبووەوەیان بە چەندین دیزاین نمایشکردووە.

Heman Hussein Yaseen  | 23.05.2025 - نوێکردنەوە : 23.05.2025
کۆمپانیا تورکییەکان لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بیناسازی و وزەدا دەدرەوشێنەوە

Arbil

هەولێر - AA

پازدەھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، ژێرخانی ئابووری و وزە ماوەی چوار ڕۆژە لە کارەکانی بەردەوامە.

لە پێشانگاکەدا، ٢٥٠ کۆمپانیا لە ١١ وڵاتەوە بەشدارن کە زۆرترینیان کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیا چینییەکانن و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانییان نمایش کردووە.

بەھۆی گۆڕانی ئاو و ھەوا و پاکڕاگرتنی ژینگە لە جیھاندا، خواستێکی زۆر لەسەر وزەی نوێبووەوە ھەیە، ھەر بۆیەش بەشێک لەو کۆمپانیا تورکییانە وزەی نوێبووەوەیان بە چەندین دیزاین و کوالێتییەکی بەرز نمایشکردووە.

خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا تورکییەکان، ئیمڕوڵڵا ئیردەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە کۆمپانیایەکی ھاوبەشی تورکی-ئەڵمانین، دەتوانین بۆ ھەموو جێگایەک وزەی خۆر دابنێین بە جوانترین شێوە، لە ئێستادا ھاوبەشێکمان ھەیە لە ھەرێم و لە نزیک کاتدا لقێکی کۆمپانیاکەمان لە هەرێم دەکەینەوە چونکە خەلک زۆر خواستی لەسەر وزەی نوێبووەوە هەیە".

ئیمڕوڵڵا ئیردەم گوتیشی: "ئەمە دووەمین جارە بەشداری ئەم پێشانگایانە دەکەم، پێشتر ھاتووین بەڵام هاوبەشمان نەبوو بۆ ئەوەی کارەکانمان لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەمجارە هاوبەشمان ھەیە لەمەودوا لێرە کاردەکەین".

یەکێکی دیکە لە کۆمپانیا تورکییەکان کە نمایشی کەلوپەلی بیناسازی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەناردەیان بۆ چەندین وڵات هەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دروستکردنی کەرتی کۆنکرێتدا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و ڕکابەری کۆمپانیا گەورەکان دەکەن لە ڕووی کوالێتییەوە.

خاوەنی کۆمپانیا، مستەفا ئۆزچەچیک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە پارێزگای کۆنیا کار دەکەین، کۆمپانیاکەمان لە ساڵی ٢٠٠٨ دەمەزراوە، پەمپ و میکسەری کۆنکرێتی ئامادەکراوە دروست دەکەین، بابەتەکانمان لەناوخۆدا دەفرۆشین و هەناردەی دەرەوەیشی دەکەین، لە بابەتی دروستکردنی کۆنکرێتدا گەیشتووینەتە ئاستێکی بەرز بەجۆرێک ڕکابەری کۆمپانیا گەورەکان دەکەین لە ڕووی کوالێتییەوە".

مستەفا ئۆزچەچیک گوتیشی: "تا ئێستا ھەناردەمان بۆ نزیکەی ٣٠ وڵات کردووە و بەرھەمەکانمان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ھەناردەکردن لە تورکیا دەگەیەنینە وڵاتانی وەک ئەورووپا، چین، ئەمریکا و پێشبینی دەکەین لەم پێشانگایەش زیاتر بەرهەمەکانمان بە سەردانیکاران بناسێنین و لە نزیکەوە کۆمپانیا و بازرگانان ببینین".

هاوت لە پێشانگاکەدا، کۆمپانیایەکی ناوخۆیی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی و باخداری نمایشکردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەموو پڕۆژەیەکی بیناسازی بەشێک هەیە کە بۆ سەوزایی تەرخانکراوە و ئێمەش یەکەمین پڕۆژەی کشتوکاڵیین کە بەرهەمی ناوخۆییمان هەیە.

خاوەنی پڕۆژە، ڕێباز سەربەست لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەوەی پێشانگاکە بیناسازییە، ئێمەش پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی و باخداریمان هەیە، کارەکانی ئێمە بەشێکە لە پڕۆژەکانی بیناسازی، بۆیە بە گرنگمانزانی بەشداری تێدا بکەین، بێگومان هەر پڕۆژەیەک شوێنێکی تایبەت بە سەوزایی تەرخان دەکات و ئێمە دەتوانین بە کوالێتی و دیزاینێکی جوان و سەرنجڕاکێش هەروەها چاندنی سەوزایی و ئەو درەختانەی لەگەڵ وەرزەکانی ئێرە گونجاوە، شوێنەکەی بۆ بڕازێنینەوە".

ڕێباز سەربەست گوتیشی: "زیاتر سەرنج دەخەینە سەر پڕۆژە گەشتیاریی و بازرگانییەکان، چونکە ڕووبەری شوێنەکان زۆرترە و بەمەش تێچوویەکی کەمتر لەسەریان دەکەوێت، بۆیە لەم چوار ڕۆژەی پێشانگادا چاوەڕوان دەکەین، سەردانیکارێکی زۆرمان هەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن