ئابووری, عێراق

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

- دوای دوو ساڵی و حەوت مانگ لە وەستانی، هەنارەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی بۆڕی جەیهانەوە دەستی پێکرد. - لە ئێستادا ڕۆژانە ١٩٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 27.09.2025 - نوێکردنەوە : 27.09.2025
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە هەناردەکردنی نەوت

Arbil

هەولێر - AA

هەنارەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراق کە لە ئاداری ٢٠٢٣ وەستابوو، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگەی بۆڕی جەیهانەوە دەستی پێکردەوە.

لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگای پاریس کە لە ئاداری ٢٠٢٣ دەرکرابوو، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕاگیرابوو.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هۆی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بوو لەسەر میکانیزمی هەناردەکردن کە بە ڕێگای کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتى عێراق سۆمۆ (Somo) و شێوازی مامەڵەکردن بە داهاتەکەی بوو.

ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنان لە بواری نەوت بووە کە لە هەرێمدا چالاکن و بەو پێیە، نەوتی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیا سۆمۆ دەکرێت و بە ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی جەیهان'ەوە ڕەوانەی تورکیا و بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

بە پێی لێدوانێکی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور عامر خەلیل، لە ئێستادا ڕۆژانە ١٩٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و گوتیشی، لەهەفتەکانی داهاتوودا زیاتر دەبێت.


- سەرۆکوەزیرانی عێراق شیاع سوودانی: "١٨ ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستکەوتەین"

ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، محەمەد شیاع سوودانی دوای چەند مانگێک گفتوگۆی نێوانیان، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی ڕایگەیاندبوو.

سوودانی ئەو بابەتەی بە "ڕێککەوتنێکی مێژوویی" ناو هێنابوو و لە پەیامێکدا کە بە هەر سێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاند، "١٨ ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستکەوتەین".

هەر لەم بارەیەوە، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران موزهەر محەممەد ساڵح ڕایگەیاندووە، هەناردەکردنەکە ڕۆژانە ١٤ ملیۆن دۆلار داهات بۆ عێراق زیاد دەکات.

موزهەر محەممەد ساڵح راشیگەیاندووە کە، کۆمپانیا بیانییەکان لە پڕۆسەکەدا بەشدارن و ئەوەش متمانەی وەبەرهێنان لە هەرێم بەهێزتر دەکات.

هاوکات وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ ڕایگەیاند کە هەناردەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستی پێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا.

لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق'یش پڕۆسەکەی بە "ڕووداوێکی مێژوویی" باس کردووە و ڕایگەیاندووە، "ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان" و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆکاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın