Zana Natık Kerem
31 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبووری رایگەیاند كە لە سێ میحوەرەوە هێزەكانی عێراق بە ئاراستەی شاری مووسڵ دەستیان بە پێشڕەویی و هێرشكردن كرد و لەو چوارچێوەیەدا، هەڵیانكوتایە سەر قەزای تلكێف لە میحوەری باكووری مووسڵ.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەحمەد جبووری گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە میحوەری یەكەم كە میحوەری باكوورە، هێزەكانی فیرقەی 16ی سوپا هەڵیانكوتایە سەر قەزای تلكێف (12 كیلۆمەتر باكووری مووسڵ) و پێنج گوندیان لە دەورووبەری قەزاكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ کردەوە".
جبووری باسی لەوەیش كرد كە هێزەكانی دژە تیرۆر لە میحوەری دووەم كە میحوەری رۆژهەڵاتە هێرشیان كردە سەر گوندی بازوایا و دوای ئەوەش ئامانجی دووەم ناوچەی گۆگجەلی دەبێت كە یەكەم گەڕەكی رۆژهەڵاتی شاری مووسڵە لە بەشی چەپ.
بەپێی گوتەی ئەفسەرەكە لە میحوەری سێیەمیش كە میحوەری باشووری رۆژهەڵاتە بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانی ناحیەی نەمروود باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، هێزەكانی عێراق دەستیان بەهێرش و پێشڕەویی كردووە.
پێشتریش وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاندبوو كە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لە سێ میحوەرەوە دەستی پێكرد كە لەو میحوەرەوانەوە هێزەكانی عێراق بە ئاراستەی ناو شاری مووسڵ پێشڕەویی دەكەن.