10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، ھێرشەکەی رۆژی دووشەممەی سەر زیارەتکارە شیعەکانی بەغدای بە ھەوڵێک بۆ دروستکردنی ئاژاوە ناوبرد.
پێشتر سوپای عێراق رایگەیاند، ئەو تەقینەوەیهی رۆژی دووشەممە زیارەتکارە شیعەکانی لەکاتی چوونیان بۆ ناوچهی کازمییە لە باکووری بەغدای پایتەخت کردە ئامانج، کوژراوێک و ھەشت برینداری لێکەوتەوە و دۆخی تەندروستی سێ برینداریان ناجێگیرە.
بەپێی بەیاننامەیهکی حکوومەتی عێراق، مستهفا کازمی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گوتوویەتی: "ههڵدانی نارنجۆک بۆ سەر پردی ئەئیمە، ھەوڵێکە بۆ درووستکردنی ئاژاوە، بەڵام خەڵک وریاتر و بەتواناتر بوون له تێپەڕاندنیدا".
کازمی گوتیشی: "کەسانێک ھەوڵیاندا فیتنە و ئاژاوەیەکی شکستخواردوو لەرێگەی ههڵدانی نارنجۆک بۆ سەر پردی ئەئیمه، بخەنە نێوان عێراقییەکان".
راشیگەیاند: "قەبارەی برایەتی و ھاوکاری کۆمەڵایەتیم لەسەر پردی ئەئیمە بینی".
جێگەی باسە، لە ساڵی ٢٠٠٥دا، لە کاتی پڕینەوەی زیارەتکارە شیعەکان لەسەر پردی ئەئیمە، دەنگۆی ھەبوونی کەسێکی خۆکوژ بڵاوبوویەوە، کە وای لە ھەزاران کەس کرد پاڵ بەیەکترهوه بنێن و بکەونە ناو رووباری دیجلەوه. رووداوەکە کوژرانی ھەزاران کەسی لێکەوتەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو.
لە رۆژی ٢٥ی مانگی رەجەبی ههموو ساڵێک، ھەزاران زیارەتکاری شیعه لە رێورهسمێكدا یادی شههیدبوونی ئیمام کازم دەکەنەوە.
چاوەڕواندەکرێت رۆژی چوارشەممە به گرتنهبهری رێکاری توندوتۆڵی ئەمنیی لهلایهن ھێزە ھاوبەشەکانی سوپا و پۆلیس، ژمارەی زیارەتکارانی کازمییە بگاتە لووتکە.
رێورەسمەکە، رێکردن بە پێ لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا و چەند پارێزگایەکی نزیک بەرەو ناوچەی کازمییە، کە مەزارگەی ئیمام کازمی تێدایە، لە خۆدەگرێت.