Sarmand Hameed
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه لە ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدا بووە تەواوی پێداویستییەکان بۆ خەڵک دابین بکات بهمهبهستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو پەتایە و چارەسەرکردنی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكه بوون".
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راگهیهندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاشكرایكردووه، لە ئەنجامی ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت، لە رۆژی ٢ی ئاداری ٢٠٢١ یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا کە بریتی بوو لەپێنج ھەزار دۆز و لەلایەن حکوومەتی چین بەشێوەی بەخشین دابینکرابوو، گەیشتە ھەرێمی کوردستان و دواتریش بەسەر سەنتەرەکانی پێکوتە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکرا.
لە راگەیهندراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوەدراوە کە وەزارەتەکە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پرسیاری لە ھاووڵاتییان کردووە، کە ھەرشتێک لەبارەی پرۆسەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا لایان ناڕوونە، یان پرسیارێکیان بۆ دروست بووە، بۆیان بنووسن و وەڵامیان دەدەنەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی وەڵامی دیارترین پرسیارەکانی ھاووڵاتییانی داوەتەوە.
ئاسۆ حەوێزی لە وەڵامی پرسیاری ئهوهی کێن لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێدەدرێت، رایگەیاندووە: "بۆ وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە ئێمە پۆلێنبەندییەکمان کردووە. لەسەرەتادا ئەو گرووپانەی مەترسییان لەسەرە لە ستافی پزیشکان و کارمەند و فەرمانبەرانی تەندروستیی، ھێزەکانی ناوخۆ و دواتر ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە لەگەڵ بەساڵاچووان".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنرێت دەڵێت: "جگە لەو ڤاکسینەی گەیشتووە (ڤاکسینی سینۆفارمی چینی) ئێمە بەشمان لە ڤاکسینی ئەسترازینیکای بەریتانیش ھەیە، کە لەرێگەی عێراقەوە بۆمان دێت، ھەروەھا دانیشتنمان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەریش ھەیە تاکو بتوانین خۆمان ئەو ڤاکسینە دابین بکەین".
ئاسۆ حەوێزی لەبارەی سوودەکانی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا رایگەیاندووە: "بەدڵنیاییەوە، وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە وادەکات بەرگریی لەش زیاتر بێت و خانەکانی لەشیش لە ئامادەکارییەکی تەواودا بن، بۆ ئەو کاتەی ئەم ڤایرۆسە دێتە ناو لەش تاوەکو جەستە شەڕی ئەو ڤایرۆسە بکات".
لە وەڵامی پرسیاری ئایا کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا سەلامەتە، ئاسۆ حەوێزی دەڵێت: "بەڵێ سەلامەتە، چونکە ئەو ڤاکسینانەی دێنە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ناوەندە تەندروستییەکانی جیھانەوە پەسەندکراون و ئێمەش پێوەری زانستیی خۆمان ھەیە بۆ وەرگرتنی جۆری ئەو ڤاکسینانە".
لەبارەی کاریگەریی ڤاکسینی کۆرۆنا کە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت، ئاسۆ حەوێزی ئاشکرایکردووە، ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە ڤاکسینەکەی لێ دەرچووە، بۆ نموونە کۆمپانیای فایزەر دەڵێت: "شەش تاوەکو ھەشت مانگ کاریگەریی دەبێت" بێ ئەوەی لایەنە زانستییەکەی روون بکاتەوە، کۆمپانیا ھەیە دەڵێت ساڵێک یان دوای شەش مانگ کاریگەرییەکەیان دەمێنێت.
گوتەبیژی وەزارەتی تەندروستیی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە وا باشترە کە ئەو کەسانەی ئەم ژەمە ڤاکسینە وەردەگرن تووشی پەتای کۆرۆنا نەبووبن بۆ ئەوەی بەرگریی لەشیان بەھێزتر بێت.
ئاسۆ حەوێزی لەبارەی دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەسەر پارێزگاکان ئاشکرایکردووە کە ئەوا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان دەبێت، واتا سلێمانی و ھەڵەبجە ئینجا ھەولێر و دواتریش دھۆک پێیان دەدرێت.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئەو ڤاکسینەی ئێستا گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان تەنھا چارەسەری (COVID-19) دەکات، یان چارەسەری کۆرۆنای گۆڕاویش دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "تاوەکو ئێستا رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە ئەم ڤاکسینە یان ھەر جۆرێکی دیکە، کاریگەریی لەسەر کۆرۆنای گۆڕاو ھەبێت".
پرسیاری ئەوە کراوە کە ئایا ڤاکسینەکە بە مەرجی تەواوی تە ندروستی گواستنەوەی بۆ کرابوو یان نا، ئاسۆ حەوێزی رایگەیاندووە "بەڵێ، لە گواستنەوەی ئەم ڤاکسینە بۆ ھەرێمی کوردستان، تەواوی مەرجی تەندروستی رەچاوکراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کردووە کە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئارەزوومەندانەیە و ھیچ کەسێک ناچارناکرێت بۆ وەرگرتنی و ئەم ڤاکسینە و ئەوانەی دیکەش، کە لە عێراقەوە دێت ھەمووی بێ بەرامبەر دەدرێتە ھاووڵاتییان.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە تاوەکو کەی شەش ملیۆن ڤاکسین دەگاتە ھەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی دەڵێت "ئەمەیان کاتەکەی دیار نییە، بەڵام سەرۆکی حکوومەت تەواوی پاڵپشتی خۆی پێ راگەیاندووین بۆ ئەوەی لەداھاتوودا بتوانین ئەم بڕە ڤاکسینە دابین بکەین".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ئاسۆ حەوێزی راشیگەیاندووە: "لەکاتی ئێستا، ئەو بڕە ڤاکسینەی بەردەستە، بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمە، بەڵام دەکرێت لەداھاتوودا بەھەماھەنگی و دابینکردنی بڕی زیاتر، بەرنامەی وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە فراوانتر بکەین و جگە لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەش بگرێتەوە کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن".
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تا ئێستا گەیشتووەتە ١١١ ھەزار و ١٨١ حاڵەت کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٤٢ کەس گیانلەدەستداوە و ١٠٤ هەزار و ٧٧٣ تووشبووی ڤایرۆسەکە دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لەئێستادا دوو هەزار و ٨٦٦ تووشبوو لەژێر چارەسەردان.