Mehmet Dayan
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
هەکاری - AA
لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی ٤٠ هەزار ئۆتۆمبێل و ٤٥٠ هەزار گەشتیار لە دەروازەی سنووریی ئوزوملو لە شارۆچکەی چوکوڕجا سەربە پارێزگای هەکاری هاتوونەتە ناو تورکیاوە.
قایمقامی چوکوڕجا، حەسەن کوڕت لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی دەروازە سنوورییەکە بەکاردەهێنن رووی لە زیادبوون دەکات.
کوڕت باسی لەوە کرد کە دەروازە سنوورییەکە ساڵی ٢٠١٣ کراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٥دا بە فەرمی ئۆتۆمبێل هاتوچۆی پێیدا کردووە و گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٤٠ هەزار ئۆتۆمبێل و ٤٥٠ هەزار کەس بە دەروازە سنوورییەکەدا هاتوچۆیان کردووە. ئەگەر لەگەڵ ساڵانی رابردوودا بەراورد بکرێت ئەوە ژمارەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و گەشتیارەکان چەند هێندە بەرزبووەتەوە. ئەم دەروازە سنوورییە بووەتە بژاردەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکە و عێراقەوە دێن. دەروازەیەکی گرنگە بۆ شارۆچکەکە و هەکاریمان".
حەسەن کوڕت ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکان بۆ بەکارهێنانی دەروازە سنوورییەکە بە مەبەستی بازرگانی بە پاڵپشتی وەزارەت بازرگانی بەردەوامە.