Zana Natık Kerem
28 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە، لە ماوەیەکی کەمدا، ھەرێمی کوردستان دەکەین بە ناوەند و سەرچاوەیەکی گرنگی وزە و جەختیشی کردەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ و بەھێز، ھەڕەشە نییە بۆ سەر ھاوەڵەکانمان لە بەغدا.
مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا کە لە شەشەمین کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە، ئەمڕۆ دووشەممە لە دوبەی دەستی پێکرد رایگەیاند: "وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ستراتیجی و ئامانجی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە ھاووڵاتییانی خۆمان بکەین، لە ھەمانکاتدا دەبینین ھەمووان ھەوڵی زۆر دەدەن تا داھاتوویەکی باشتریان ھەبێت".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەی وەبێرھێنایەوە کە لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی ھەندێک ئاستەنگ بوونەوە، بۆ نموونە رووبەڕووبوونەوەی داعش و نادڵنیایی سیاسی لە عێراق و گوتی: "لە دوایین ھەنگاودا بینیمان کە دادگای باڵای فیدراڵیی نادادییەکی زۆری بەرامبەر بە ئێمە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا روانگە و دونیا بینیی ئێمە بەردەوام دەبێت و گەشە دەکات، بە ژیرانە دەتوانین بڵێین پەرە بە تواناکانی خۆمان لە بواری وزە دەدەین".
گوتیشی: "لەو باوەڕەدام کە داھاتووی ئێمە لەسەر وزە دروست دەبێت کە سەرچاوەیەکی گرنگە، ئێمە وەک کورد چەندین دەیەیە لە دوای جەنگ کارمان لەسەر کردووە، ئێستا ئێمە لە خاڵێکی مێژوویی خۆمانداین بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمی قوربانیدانەکانمان بچنینەوە، ھەروەھا دەرفەتی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی خزمەت بە بازاڕی نێودەوڵەتیش بکەین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان جەختیشی کردووە کە رژدن لەسەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان بکەن بە ناوەندێکی وزە، چونکە خواست لەسەر وزە زۆر بووە و گوتی: "وەبەرھێنانیش رێگەیەکی سەرەکیی و ئامانجی ئێمەیە، چەند ناوچەیەکی بازرگانمان دەستنیشانکردووە کە دەزانین رێگایەکی درێژمان لەبەردەمە، لە ھەمانکاتدا توانستەکانمان زیاتر دەکەین، بەڵام بەھۆی ھێزە خۆجێییەکان زۆرجار ئاستەنگ دروست دەبن، لە ھەمانکاتدا خواستیش لەسەر گاز زۆر زیاتر بووە، ئەمەش بارودۆخێک نییە کە بمانەوێت تێیدا قەتیس ببین، بەڵام ھەنگاویشمان بۆی ناوە".
گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە وەبەرھێنان لەلایەنی وزە و دڵنیام ھەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی وزە لەو کاتەی جیھان خواستی دەبێت، ھاوکات دەبێتە ھۆی ھەناردەکردنی گاز لە عێراقەوە بۆ تورکیا و ئەورووپا و لە داھاتووشدا زیاتر دەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەمیانی شەشەمین کۆڕبەندی وزەی جیهان لە دوبەی گوتی: "توانای ناردنی نەوتمان ھەیە کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ ئەو ھێڵە ئابوورییە ھەیە کە ئێمە دامانڕشتووە بۆ ھاوەڵەکانیشمان، تەواوی تواناکانمان لەم لایەنە خستووەتەگەڕ و تۆڕێک دروستکراوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەک بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکەش، دەرگاکان بە رووی وەبەرھێنان و پەرەپێدانی زیاتر نوێدەکاتەوە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ زۆرێک لە ھاوەڵەکانیان قسەیان کردووە و گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان دەکەین بە ناوەند و سەرچاوەیەکی گرنگی وزە و جەختیشی کردەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ و بەھێز، ھەڕەشە نییە بۆ سەر ھاوەڵەکانمان لە بەغدا".
رۆژی ھەینی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە بڕیارە رۆژانی ٢٨-٢٩ی ئادار لە شاری دوبەی بەڕێوەبچێت گەیشتە ئیماڕات لە کۆڕبەندەکەدا چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە تێیدا بەشداری دەکەن و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش گوتارێک پێشکەش دەکات.
مەسرور بارزانی ھەروەھا بەشداریی لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان دەکات کە رۆژانی ٢٩-٣٠ی ئادار لە دوبەی ئەنجام دەدرێت.