Emre Gürkan Abay
28 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2022
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کۆشکی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ، ئەوەی خستەڕوو کە ئەمڕۆ شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دەچنە تورکیا و راشیگەیاند کە بڕیاری ئەنجامدانی دانوستانی نێوان شاندەکانی هەردوو وڵات، بڕیارێکی گرنگە.
پێسکۆڤ، لە مۆسکۆی پایتەخت لێدوانی بۆ رۆژنامەنووساندا و باسی لە دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کرد کە چاوەڕێ دەکرێت لە تورکیا، بەردەوامبن.
ناوبراو، ئەوەی خستەڕوو کە شاندەکان ئەمڕۆ دەچنە تورکیا و رایگەیاند: "ئەگەرێکی کەم هەیە ئەمڕۆ دانوستانەکان بەردەوامبن. شاندەکان ئەمڕۆ دەچنە تورکیا و ئەگەری زۆرە سبەی دەست بە دانوستانەکان بکەن".
دیمیتری پێسکۆڤ، زانیاری زیاتری نەخستەڕوو لە بارەی قۆناغی دانوستانەکانەوە و تەنیا گوتی: "تەنانەت بڕیاری ئەنجامدانی دانوستانی نێوان شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا، بڕیارێکی گرنگە. بەڵام لە ئێستادا ناتوانین هیچ وردەکارییەکی دانوستانەکان بخەینەڕوو. پێمانوایە ئاشکراکردنی وردەکارییەکان تەنها زیان بە قۆناغی دانوستانەکان دەگەیەنێت".